گرنگ

چاوەکانی جیهانی ئیسلامی لەسەر عەرەفاتن؛

2026-05-26

 

 لە لوتکەی ڕێوڕەسمەکانی حەجدا ئەمڕۆ حاجییان چی دەکەن؟
#بوار
لە دیمەنێکی ئیمانیی بێوێنەدا و لەگەڵ کازیوەی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ملیۆنان حاجی ڕوویان لە خاکی پیرۆزی عەرەفات کرد، ئەوەش بۆ بەجێگەیاندنی گەورەترین و گرنگترین پایەی حەج، کە وەستانە لەسەر کێوی عەرەفات.

ئەمڕۆ، کە نۆیەمی مانگی زیلحەججەیە، ڕووگە و قیبلەی تەواوی موسڵمانانی جیهان سەیری عەرەفات دەکات، حاجییان لە دوای بەسەربردنی ڕۆژی تەرویە لە مینا، بە لێشاو و لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنی و ڕێکخستنێکی ورددا، گەیشتنە ناو سنوورەکانی عەرەفە و تا ئاوابوونی خۆر لەوێ دەمێننەوە.

ئەمڕۆ لەسەر کێوی عەرەفات چی دەگوزەرێت؟
لەگەڵ گەیشتن بە کاتی نیوەڕۆ، ملیۆنان حاجی گوێبیستی وتاری تایبەتی ڕۆژی عەرەفە دەبن، کە پەیامەکانی تایبەتن بە ڕێنمایی، ئامۆژگاری و وەبیرهێنانەوەی گەورەیی ئەم ڕۆژە.

راستەوخۆ دوای وتارەکەش، حاجییان بە یەک ڕیز و بەکۆمەڵ، نوێژی نیوەڕۆ و عەسر پێکەوە و بە کورتکراوەیی (جمع و قصر) ئەنجام دەدەن.

دوای تەواوبوونی نوێژەکان، ئەو کەشەی باڵ بەسەر عەرەفاتدا دەکێشێت تەنیا دەنگی تەلبیە، تەکبیر و نزایە.

میوانانی خودا کاتەکانیان تا ئاوابوونی خۆر بە دەستپاڕانەوە، داوای لێخۆشبوون و زیکر بەسەر دەبەن، کە ئەمەش بە کرۆکی ڕۆحیی حەج هەژمار دەکرێت.

بەردەوامبوونی مانەوە لە عەرەفات مەرجە تا ئەو ساتەی خۆر ئاوا دەبێت، هەر کە خۆری نۆیەمی زیلحەججە ئاوا بوو، کۆمەڵەی حاجییان بە هەمان ئارامی و ڕێکخستنەوە، خاکی عەرەفە جێدەهێڵن و شەپۆل دەدەن بەرەو مەشعەری موزدەلیفە.

بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی ئەم جووڵە گەورەیە، دەسەڵاتدارانی سعودیە تەواوی توانا مرۆیی و تەکنەلۆژییەکانیان خستووەتە گەڕ.

پرۆسەی گواستنەوەی حاجییان لە میناوە بۆ عەرەفات بە سەرکەوتوویی و بەبێ هیچ گرفتێکی ئەمنی و تەندروستی بەڕێوەچوو، تیمە پزیشکی و فریاگوزارییەکانیش لە هەموو گۆشەیەکی مەشعەرەکاندا بڵاوەیان پێکراوە بۆ هەر حاڵەتێکی کتوپڕ.

ئەمشەو حاجییان لە موزدەلیفە نوێژەکانی مەغریب و عیشا دەکەن و شەوەکەیان لەوێ بەسەردەبەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕۆژی جەژنی قوربان و دەستپێکردنی ڕێوڕەسمەکانی ڕەجمکردن

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color