بوار، تایبەت
بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی ئاماژەبەوەدەكات، بەهۆی زۆری هاتنی ژمارەی گەشتیار بۆ پارێزگای سلێمانی، بەشێك لە گەشتیاران لە كەشێكی ئارام لە پارك و باخچەكان دەمێننەوە و لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوەش دەپارێزرێن.
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی راگەیاند: بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار و پڕبونی هۆتێل و مۆتێل و میوانخانەكانی پارێزگای سلێمانی، شەوانە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار لە پاركی ئازادی و باخی گشتی دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە دۆخی ئاساییدا بەهەمووجۆرێك شەو مانەوە لە پاركەكان قەدەغەیە، بەڵام دەزگای ئاسایش ئاگاداری هاتنی ژمارەی زۆری گەشتیارانە و بەهۆی نەمانی شوێن لە هۆتێلەكان رێگری لە خێزانەكان ناكرێت كە دەیانەوێت لە پاركەكان بمێننەوە و لەلایەن تیمەكانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەكانی دیكە دەپارێزرێن.
بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی ئەوەشی وتووە، چاودێرەكانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان و دەزگای ئاسایشی سلێمانی هەوڵی پاراستنی ئەو خێزانانە دەدەن كە لەپاركەكان دەمێننەوە و شەوی رابردوو 35خێزان لە باخی گشتی ماونەتەوە بەڵام ژمارەكە لە پاركی ئازادی زۆر زیاتر بووە.