بوار، تایبەت
بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەریی كە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە بڵاویكردەوە، پاداشتێكی گەورەی بۆ ئەو كەسانە تەرخانكردووە كە زانیاریی لەبارەی تۆڕەكانی پارەداركردنی سوپای پاسداران پێشكەش دەكەن.
بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەریی كە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە رایگەیاند، پاداشتێكی 15 ملیۆن دۆلاری پێشكەشی هەر كەسێك دەكات كە زانیارییەكانی ببێتە هۆی پەككەوتنی میكانیزمی داراییەكانی سوپای پاسداران و لقەكانی.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا، تۆڕەكانی سیستەمی بانكی هاوتەریب لە ئێران چەندین نووسینگەی ئاڵوگۆڕی هەیە سەرپەرشتی تۆڕێكی فراوانی كۆمپانیا بیانی و وەهمیەكان دەكەن، ئەمە رێگە بە بانكە سزادراوەكانی ئێران و كۆمپانیاكانی سەر بە ئێران دەدات كە ئاسانكاری بكەن بۆ وەرگرتنی پارە لە فرۆشتنی بەرهەمەكانی ئێران وەك نەوت و پترۆكیمیایی و كاڵاكانی دیكە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا هۆشداری دا لە بوونی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕ كە رۆڵێكی گرنگ لە بازاڕی دەرەوەی ئێراندا دەگێڕن، هەروەها ئاسانكاریی بۆ مامەڵەكانی دەرەوەی ئێران بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بۆ ئەو ئێرانییانە دەكەن، كە كەوتۆنەتە ژێر سزاكانەوە.