گرنگ

حكومەتی هەرێم ناتوانێت بێ هاوكاریی ئەمریكا خەرجییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دابینبكات

2026-05-31

 



بوار، تایبەت

راپۆرتێكی نوێی پشكنەری گشتیی ئەمریكا زانیاریی لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە ئاشكرادەكات بەجۆرێك جەخت لەوەكراوەتەوە كە حكومەتی هەرێم ناتوانێت بێ هاوكاریی ئەمریكا خەرجییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دابینبكات.

لەراپۆرتەكەدا ئاماژەبەوەشكراوە، كە لە 24ی ئاداری ئەم ساڵ، مووشەكێك بەر بنكەیەكی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلك لە سنووری قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر كەوت، كە بەهۆیەوە 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30ی دیكەش بریندار بوون.

لەراپۆرتەكەدا ئەوەشهاتووە، لە 28 و 29ی ئاداردا بە درۆن هێرش كرایە سەر شوێنی مانەوەی هەریەكە لە سەرۆك مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان؛ باس لەوەش دەكات كە هێرشەكان بە جۆرێك تووند بوون كە تەنانەت سوپای پاسدارانی ئێرانیش بە فەرمی سەركۆنەی كردن.

راپۆرتەكە زەنگێكی مەترسی لێدەدات كە پێشمەرگە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێویستی نییە بۆ پاراستنی تەواوی هەرێمی كوردستان، ئەمەش وایكردووە هێزەكانی پێشمەرگە و ژێرخانی وزە لەبەردەم هێرشەكاندا زۆر لاواز بن." هەرچەندە ئەمریكا لە بنكەی ئاسمانیی هەولێر مووشەك و درۆنەكانی تێكدەشكاند، بەڵام لە ناوچەكانی دیكە، هەرێمی كوردستان بێ بەرگری دەمایەوە.

لە رووی ئابوورییەوە، راپۆرتەكە دەڵێ، حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا ناتوانێت بێ هاوكاریی ئەمریكا خەرجییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەتایبەت مووچە و ئامادەیی سەربازی دابین بكات؛ ئاماژە بەوەش كراوە كە هەرێمی كوردستان 33 ملیار دۆلار قەرزی لەسەرە و بە چڕی پشتی بەو بودجەیە بەستووە كە لە بەغداوە بۆی دێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color