بوار، تایبەت
سایتی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی نهێنییەکی گەورە ئاشکرا دەکات کە چۆن سەرۆکی ئەمریکا بەنیازبووە بە پاڵپشتی هێزە کوردییەکان کۆتایی بە ڕژێمی ئێران بهێنن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی سایتی ئەلمۆنیتۆر، لە کاتی شەڕەکەدا پلانێکی گشتگیر و ورد و پڕخەرجی بۆ ڕووخاندنی ئێران بە هاوکاریی هێزە کوردییەکانی ناوچەکە ئامادەکرابوو، بەڵام ترەمپ لە کۆتا ساتدا بە ڕاگرتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕێگری لە جێبەجێکردنی کرد.
ئاماژەبەوەشکراوە، بەپێی پلانەکە بڕیار بوو هەزاران پێشمەرگە و چەکداری کورد بە پاڵپشتیی ئاسمانیی چڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە خاکی عێراقەوە بچنە ناو ئێرانەوە.
ئەوەشهاتووە، ئیسرائیلییەکان دەڵێن هێزە کوردییەکان بە پەرۆشییەکی زۆرەوە وەک خەونێکی مێژوویی بۆ گۆڕینی دۆخی ناوچەکە ئامادەی جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیە بوون، بەڵام ترەمپ لە خولەکەکانی کۆتایی لەژێر فشاری ڕاستەوخۆی ئەردۆغان پلانەکەی ڕاگرت.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ نەک هەر بووە هۆی نائومێدییەکی قووڵ بۆ کوردەکان، بەڵکو بەهۆی ئاشکرابوونی وردەکارییەکانی پلانەکە ئێستا کوردەکانی ڕووبەڕووی مەترسی تۆڵەسەندنەوەی تاران کردووەتەوە.
ئێستا نەتەنیاهۆ و دەوروبەرەکەی ترەمپ بە تاوانباری سەرەکیی شکستخواردن لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران دەزانن، چونکە پێیانوایە شکستی پلانەکە بووەتە هۆی سەپاندنی ڕێککەوتنێکی کارەساتبار.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەلی هاوکارییەکانی داهاتوو لەگەڵ کوردەکان بۆ لەناوبردنی ڕژیمی ئێران بە توندی کەم بکاتەوە.