گرنگ

سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر یان فیعلی؟

2026-05-31

 
ململانێی پارتی و یەکێتی قەوارەی هەرێم دەباتە بەردەم مەترسیی گەورە
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر وادەی خۆی، هێشتا پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەقبەستووییەکی قووڵدایە، هۆکاری سەرەکیی ئەم پەککەوتنەش، بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ و ململانێی توندی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتیی کوردستانە، کە بەتەواوی ڕەنگدانەوەی ئەو گوتارە سیاسییانەیە، کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دەگوترا.
 
لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بەڕوونی و بە دەنگێکی بەرز ڕایگەیاند، "بەبێ ئۆکەی یەکێتی، مەسرور بارزانى نابێتەوە بە مودیرعامیش"، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان، مەسرور بارزانی ناتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی حکومەت.
 
هەروەها لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا ، تاڵەبانی سوێندى خوارد و وتى، "بە لاالە الا اللە ڕێ لە دکتاتۆرییەتی مەسرور دەگرم و دەیوەستێنم".
بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع و دوای تێپەڕبوونی ئەم ماوە درێژە، وێنەکە بە جۆرێکی دیکە دەردەکەوێت، ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، بەهۆی ڕێکنەکەوتنی نێوان ئەو دوو هێزە، تەنها پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ پەکخراوە، نەک دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەت.
 
مەسرور بارزانی، نەک هەر لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی کابینەی نۆیەم بەردەوامە، بەڵکو وەک سەرۆکوەزیرانێکی کاربەڕێکەر مامەڵە ناکات، بەڵکو بەتەواوی وەک سەرۆک حکومەتێکی فیعلی دەردەکەوێت و سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی حکومەت مومارەسە دەکات، بەبێ ئەوەی لە ڕووی یاسایی یان شەرعییەتەوە بەربەستی کردەیی لەبەردەم کارەکانیدا دروست بووبێت، سەرەڕای ئەوەی ماوەی یاسایی کابینەکەی کۆتایی هاتووە.
 
لێرەدا ئەو پرسیارە جەوهەرییە لای چاودێرانی سیاسی و شەقامی کوردی دروست دەبێت، لە نێوان هەڕەشەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕاگرتنی مەسرور بارزانی، بەردەوامیی مەسرور بارزانی لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا، کامیان سەرکەوتوو بوون؟ ئایا یەکێتی توانیویەتی ئامانجەکەی بپێکێت، یان تەنها دامەزراوەکانی هەرێمی پەکخستووە لە کاتێکدا پارتی پارێزگاری لە پێگەی خۆی کردووە؟
 
چاودێران پێیان وایە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دۆخە چەقبەستووە، دەبێت بپرسین ئایا هەردوولا چ کارتێکی سیاسیی دیکەیان بەدەستەوە ماوە تا لە دژی یەکتر بەکاری بهێنن؟
 
ئێستا ترسە گەورەکەی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم لەوەدایە، ئەگەر بافڵ تاڵەبانی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی پەنا بۆ بەکارهێنانی کارتی "بەغدا" ببات لە دژی مەسرور بارزانی، ئایا قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان وەک خۆی پارێزراو دەبێت؟ یان ئەم ململانێ ناوخۆییە دۆخی هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە بۆ خاڵی سفر و دەستکەوتەکانی چەندین ساڵەی گەلی کورد دەخاتە مەترسییەکی ڕاستەقینەوە؟
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color