#بوار
بوار زانیاریی تایبەت و ورد لەبارەی هەنگاوێکی گەورەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات، کە تیایدا ئەو حیزبە دەیەوێت لە رێگەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە بە فەرمی کۆتایی بە دەسەڵاتە رەهاکانی کابینەی ئێستا بهێنێت و وەک "حکومەتێکی کاربەڕێکەر" بیناسێنێت.
بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست بوار کەوتوون، ماوەی چەند رۆژێکە سەرکردایەتیی یەکێتی دەستی بە ئامادەکارییەکی چڕ کردووە بۆ تۆمارکردنی سکاڵایەک لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بەغدا.
هەر بەپێى زانیارییەکانى بوار، ئامانجی سەرەکیی ئەم سکاڵایە، دەرکردنی بڕیارێکی فەرمییە لەلایەن دادگاکەوە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووی یاساییەوە تەنها وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
زانیارییەکانی بوار ئەوەش دەخەنە روو، ئامانجی بنەڕەتیی یەکێتی لەم هەنگاوە نوێیەیدا بە تەنها سەلماندنی لایەنە یاساییەکە نییە، بەڵکو دەیەوێت سەرجەم ئەو بڕیار و پرۆژانەی حکومەتی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە، کە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراون.
بوار زانیویەتى، یەکێتی لە دۆسیەکەیدا پشتی بەو بنەمایە بەستووە، کە ئەو حکومەتەی ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، تەنها کاربەڕێکەرە، بۆیە نابێت بە هەموو دەسەڵاتەکانی پێشوویەوە بەردەوام بێت و چیتر مافی دەرکردنی بڕیاری نوێی چارەنووسسازی نییە.
هەروەها بوار زانیویەتی یەکێتی تەنها بە ئامادەکردنی دۆسیە یاساییەکە و سکاڵاکە ناوەستێت، بەڵکو لە ئێستادا لە پایتەختی عێراق دەستی بە لۆبیکردنێکی بەرفراوان کردووە.
ئەم جوڵانەی یەکێتی لە پێناو زەمینەسازییەکی تەواودایە بۆ ئەوەی سکاڵاکەی لە دادگای فیدراڵی سەربگرێت و دڵنیا بێت لەوەی دادگاکە بڕیارەکە بەو ئاراستەیە دەردەکات کە حیزبەکە ئامانجییەتی.