بوار، تایبەت
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی تووند سەبارەت بە سنووردارکردنی دەرمانەکانی تایبەت بە لەباربردنی کۆرپەلە دەردەکات.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتەکە، کە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی و سەندیکاکانی (پزیشکان، دەرمانسازان و کارمەندان) کراوە، جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کراوەتەوە:
قەدەغەکردنی فرۆشتن بەبێ ڕەچەتە: بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت لە دەرمانخانەکاندا ئەم جۆرە دەرمانانە بەبێ ڕاسپاردە و ڕەچەتەی پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان بەسەر هیچ کەسێکدا دابەش بکرێت.
قەدەغەکردنی دابەشکردنی نافەرمی: هیچ کۆمپانیا و کۆگایەکی دەرمان بۆی نییە ئەم جۆرە چارەسەرانە بگەیەنێتە شوێنە نافەرمییەکان.
وەزارەتی تەندروستی هۆشداری تووند دەدات کە ئەم بابەتە بەرپرسیارێتییەکی هۆشیارانە و هەستیارە و هەر لایەن و سەرپێچیکارێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، ڕووبەڕووی ڕێکاریی تووندی یاسایی دەکرێتەوە.