دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەش بەڕێوەیە؟
#بوار
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچەی بە فەرمانبەران توندتر کردەوە، ئەم هەنگاوە نوێیە، کە کۆتایی بە ئاسانکارییەکانی ساڵی 2015 دەهێنێت.
حکومەتی هەرێم ساڵی 2015 لەژێر قورسیی باری قەیرانی دارایی و بەمەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، دەرگای بەڕووی فەرمانبەراندا واڵا کرد تاوەکو پێنج ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن و لە کەرتی تایبەتدا کار بکەن، تەنانەت بێ ئەوەی ساڵانی خزمەتیشیان بپچڕێت، هەموو ئەمانە تەنها بۆ ئەوە بوو بارگرانیی مووچە لەسەر شانی حکومەت کەم بێتەوە.
بەڵام ئێستا هاوکێشەکە بەتەواوی پێچەوانە بووەتەوە؛ بڕیارە کۆنەکە هەڵوەشاوەتەوە و بڕیاری نوێ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بە گوێرەى بڕیارەکە لەمەودوا حکومەت پەنا بۆ یاسای ژمارە 418ـی ساڵی 1987 و بڕیارەکانی ئەنجومەنی دەوڵەتی عێراق دەبات.
بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، مۆڵەتی بێ مووچە نابێت لە دوو ساڵ تێپەڕ بکات، هەروەها لە تەواوی تەمەنی وەزیفیدا فەرمانبەر تەنها یەکجار ئەم مافەی پێ دەدرێت.
بەدواداچوونەکان دەریدەخەن، نهێنیی گەورەی پشت ئەم توندکردنەوەیە پەیوەندیی بە سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێوە هەیە لە دامودەزگاکاندا، ئەویش "کەمیی فەرمانبەرە".
بەپێی ئامارەکان، ساڵانە لە هەرێمی کوردستاندا لەنێوان 7 بۆ 10 هەزار فەرمانبەر دەگەنە تەمەنی خانەنشینی و ڕیزەکانی وەزیفە جێدەهێڵن.
لەبەرامبەریشدا، بەهۆی نەبوونی هیچ پرۆسەیەکی نوێی دامەزراندنەوە، بۆشاییەکی گەورەی کارگێڕی دروست بووە، ئەمەش حکومەتی ناچار کردووە بەربەست بۆ چوونە دەرەوەی فەرمانبەرەکانی دروست بکات و نەیەوێت هێزی کاری زیاتر لەدەست بدات.
ئایا ئەم توندکردنەوەیەی مۆڵەت و گەڕانەوە بۆ یاسا فیدراڵییەکان، دەبێتە فشارێک بۆ ئەوەی حکومەت ناچار بێت بڕیاری ژمارە 25ـی ساڵی 2016ـش هەڵبوەشێنێتەوە کە تایبەتە بە ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران؟
ئەو بڕیارەی ساڵی 2016ـش، هاوشێوەی بڕیاری هاندان بۆ مۆڵەتی بێ مووچە، دەرهاویشتەی سەردەمی قەیرانی دارایی بوو. ئێستا کە حکومەت بە پاساوی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێسا داراییەکانی عێراق گۆڕانکاری لە پێدانی مۆڵەتدا دەکات، شەقام و فەرمانبەران دەپرسن: ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بڕیاری دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەش، هاوشێوەی عێراقی لێ بکرێت و کۆتایی بەو غەدرە داراییە بهێنرێت کە ساڵانێکە بەرۆکی فەرمانبەرانی هەرێمی گرتووە؟