گرنگ

تورکیا دەیەوێت غازی چەمچەماڵ ڕەوانەی وڵاتەکەی بکرێت

2026-10-28

 

#بوار
حکومەتی تورکیا، سورە لەسەر ئەوەی کە سود لە کێڵگە غازییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و بەشێک لە غازی چەمچەماڵ ڕەوانەی وڵاتەکەی بکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، تورکیا بۆ جێگرتنەوەی غازی ئێران چاوی لە غازی هەرێمی کوردستانە و دەیەوێت وەک جێگرەوەی غازی ئێران بەکاری بهێنێت. بەتایبەت دڵنیا نییە لە ئایندەی دۆخی ئێران و جگە لەوەی بەردەوام بەکارهێنانی غاز لە تورکیا بەرزتر دەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، تورکیا دەیەوێت لە ڕێگای کۆمپانیا ئیماراتییەکانەوە غازی چەمچەماڵ هاوردە بکات بەتایبەت ئێستا بۆڕی غازی کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ گەیشتونەتە پارێزگای دهۆک و سنوری تورکیا.

تورکیا دەیەوێت بەفەڕمی و بەڕەزامەندی حکومەتی عێراق، غازی هەرێم هاوردەی وڵاتەکەی بکات و تاکلایەنە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکان نەکات تا تووشی کێشە یاساییەکانی هاوشێوەی دۆسیەی نەوت نەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی بوار، تەنها نزیکەی چل کیلۆمەتر بۆڕی غازی چەمچەماڵ ماوە تا بۆڕی غازی هەرێم بگاتە سلۆپی لەناو خاکی تورکیا و ببەسترێتەوە بە تۆڕی بۆڕی غازی تورکیاوە.

ڕووداوەکانی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز و ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتنی غازی شلکراوەی قەتەر بە تورکیا و ناڕوونی ئایندەی ئێران، تورکیای ناچارکردووە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وڵاتەکەی چاوی لە غازی چەمچەماڵ بێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color