گرنگ

ئەمریکا بۆ کەنداو: خۆتان ئامادە بکەن بۆ جەنگێکی تر

2026-10-29

 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای دەکات واشنتن لەڕێی کەناڵە فەرمی و هەواڵگرییەکانەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وڵاتانی کەنداوی لە پلانی دەستپێکردنی جەنگێکی کورت و کەمەرشکێن دژی ئێران ئاگادار کردووەتەوە تا خۆیان بۆ کاردانەوەکانی ئێران ئامادە بکەن.

دۆناڵد ترەمپ هەرچەندە هێشتا گڵۆپی سەوزی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە هەڵنەکردووە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن دوای هەڵبژاردنی نیوەوەرز  فەرمانی هێرش دەدات.

ئامانجی ئەم جەنگە نوێیە ژێرخانی وزە و ئابووریی ئێرانە بۆ زیاتر لاوزکردنی ئێران تا لە پێگەیەکی لاوازەوە ناچار بە دانیشتن لەسەر مێزی دانوستاندن بکرێت.

لە لایەکی ترەوە، میدیا ئیسرائیلییەکان دەڵێن کە چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکەی ئیسرائیل نەتەنیاهۆ ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل بەتوندی دژی وەستاوەتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن کە قسەی زۆر توندیان بە یەکدی وتووە.

ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەرزی واقیع نیشانی دەدەن کە دۆخەکە لە هەڕەشەی میدیایی تێپەڕیون: پنتاگۆن سیستمێکی زیادەی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ڕەوانەی ئیسرائیل کردووە، هەروەها سەربازانی ئەمریکای لە بنکەکانی نزیک ئێران کشاندووەتەوە بۆ شوێنی پارێزراوتر تا لە مەترسی دوور بن.

هاوکات بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ڕۆزفێڵد بگاتە دەریای عەرەب، بەمەش ژمارەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەگاتە 3 کەشتی.

ئەمە لە کاتێکدا تاران هۆشداریی توندی داوە کە هەر هێرشێک وەڵامێکی وێرانکەری بۆ سەر ئامانجە مەدەنی و ئابوورییەکانی تەواوی ناوچەکە بەدوادا دێت و هەڕەشەی ئەوە دەکات بە بڕینی کەیبڵی ئینتەرنێتی گەرووی هومرز، ئینتەرنێتی کەنداو دەبڕێت.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color