گرنگ

لەنێوان سازش و هەڵبژاردن؛ 5 سیناریۆی ڕزگاربوون لە بنبەستی لە ئیسرائیل

2026-10-29

 

#بوار

هەڵبژاردنی کنێسێتی ئیسرائیل کۆتاییهات و دەرگای قۆناغێکی نادیار و قەیرانێکی سیاسیی قووڵ کرایەوە کە دەربازبوون لێی ئاسان نابێت. نە بەرەی بنیامین نەتانیاهۆ توانیویانە بەربەستی 61 کورسی ببڕن بۆ دروستکردنی حکومەت و نە بەرەی نەیارەکانی نەتانیاهۆش.

حیزبە عەرەبییەکانی ئیسرائیل بە بەدەستهێنانی 19 کورسی دەستکەوتێکی مێژوویییان تۆمارکردووە و بوونەتە سەنگی مەحەک لە هاوکێشەکەدا. ئەم دابەشبوونە ڕوونە، ئیسرائیلی خستووەتە بەردەم بنبەستێکی سیاسیی تەواو.

بەپێی شیکاریی ڕۆژنامەی 'یەدیعۆت ئەحرەنۆت' ئێستا پێنج سیناریۆی سەرەکی لەسەر مێزی دانوستاندنن بۆ تێپەڕاندنی ئەم بنبەستە. کێشە ئەوەیە جێبەجێکردنیان قورسە و باجێکی سیاسیی زۆر قورسی دەوێت.
سیناریۆی یەکەم بریتییە لە پێکهێنانی (حکوومەتێکی نیشتمانی) بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهۆ، نەفتالی بێنێت و گادی ئایزنکۆت؛ ئەمەش پێویستی بەوەیە نەتانیاهۆ دەستبەرداری هاوپەیمانە توندئاژۆکانی ببێت و بەرەی بەرانبەریش سوێندەکانیان بشکێنن کە دەیانگوت هەرگیز لەگەڵ نەتانیاهۆ دانانیشن.

سیناریۆی دووەم بریتییە لە (حکوومەتی دەستاودەستکردنی پۆستی سەرۆکوەزیران)، بە شێوەیەک کە نەتانیاهۆ لە قۆناغی یەکەمدا لە دەسەڵات بمێنێتەوە و دواتر پۆستەکە ڕادەستی کەسایەتییەکی بەرەی ڕکابەر بکات؛ بژاردەیەک کە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەهۆی ئەزموونی ڕابردوویان و نەبوونی هیچ متمانەیەک بە نەتانیاهۆ، دژی دەوەستنەوە، بەتایبەت کاتێک حیزبی لیکۆد یەکەمی هەڵبژاردنە.

ڕێگەی سێیەم کە تاکتیکی نەریتیی حیزبی لیکۆدە، بریتییە لە ڕاوکردن و ڕاکێشانی چەند پەرلەمانتارێکی باڵی ڕاستڕەوی بەرەی بەرانبەر تا نیوەکۆیەک پڕبکاتەوە، هەرچەندە ئەمەش بە ناپاکییەکی گەورەی پەرلەمانتاران لە بەڵێنی دەنگدەرانیان هەژمار دەکرێت.

سیناریۆی چوارەم پێکهێنانی حکوومەتێکی کاتیی کەمینەیە بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت بە پاڵپشتیی یائیر گۆلان و دەنگی حیزبە عەرەبییەکان. هەنگاوێک کە لەوانەیە دەست بەسەر کنێسێتدا بگرێت و لێژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر شکستی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر پێکبهێنێت. بەڵام ئەم بژاردەیەش ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی دەبێتەوە لە لایەن نەتانیاهۆوە کە هەوڵ دەدات شەرعییەتی بشکێنێت.

ئەگەر سەرجەم ئەم هەوڵانە لەژێر سایەی دەستێوەردانی سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ یان فشاری واشنتن و دۆناڵد ترەمپیشدا شکستیان هێنا و حیزبەکان لەسەر بەڵێنەکانیان سوور بوون، وڵات ڕاستەوخۆ بەرەو سیناریۆی پێنجەم هەنگاو دەنێت کە ئەویش هەڵبژاردنی دووبارەیە.

چاودێران هۆشداری دەدەن کە دەنگدانی پێشوەختە زیانێکی گەورە لە بەشداریی دەنگدەرانی عەرەب و ڕەوتی چەپ دەدات بەهۆی بێئومێدبوونیان لە گۆڕانکاری و دەرگای سەرکەوتنێکی دیکە لەبارتر بۆ بنیامین نەتانیاهۆ واڵا دەکات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color