گرنگ

ئاگری گرانی لە ئێران کڵپەی سەندووە

2026-10-29

 

 

بەپێی نوێترین ئامارە فەرمییەکانی هەڵاوسان لە ئێران، پارێزگای ئیلام ژمارەی پێوانەییی شکاندووە و بە تۆمارکردنی 96% بووەتە یەکەم لە ڕووی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە. ئەم ژمارە شۆکهێنەرە لە کاتێکدایە کە لە تارانی پایتەخت کەمترین ڕێژەی هەڵاوسانی لەسەر ئاستی پارێزگاکان تۆمار کراوە کە 63%ـە، بەمەش تێکڕای گشتیی هەڵاوسان لە سەرتاسەری وڵاتدا گەیشتووەتە %76.
ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان پایتەخت و شارەکانتی دیکە، دەریخستووە کە چۆن پارێزگا پەراوێزخراوەکان و ناوچەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان قورسترین باجی قەیرانە دارایی و ئابوورییەکان دەدەن.
ڕەگی ئەم قەیرانە دارایییە تەنیا لە یەک فاکتەردا کورت نابێتەوە؛ لە لایەک گەمارۆ نێودەوڵەتییە توندەکان هەناردە و بازرگانییان سنووردار کردووە و دەستڕاگەیشتنی وڵاتەکەیان بە دۆلار بۆ کەمترین ئاست دابەزاندووە، لە لایەکی تریش سیاسەتە دارایییە ناوخۆیییەکان، لەوانەش کورتهێنانی بەردەوامی بودجەی حکوومەت و زیادبوونی نەختینە و چاپکردنی پارەی بێ پشتوانە لە بازاڕدا، بەهای تمەنیان بەرەو داڕمان بردووە.
ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە وایکردووە نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان و پێداویستیی ڕۆژانە و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی خێرا گران ببن. لە ئەنجامدا، چینی هەژاری ئێران توانای کڕینیان بە تەواوی لەدەستداوە و سەبەتەی بژێویی خێزانەکان هێندەی تر بچووک بووەتەوە.
بەپێی دوایین داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2026دا نزیک بە 40%ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color