گرنگ

وردەکاری لابردنی ئەژی ئەمین لەبەرپرسی دەزگای زانیاری

2022-03-07

 

 

بۆچی تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی، فەرمانی هەرێمی بۆ لابردنی ئەژی ئەمین دەرنەکردووە؟

کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و ئەژی ئەمین چین؟

بوار نیوز، تایبەت
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، فەرمانی لابردنی ئەژی ئەمین بەرپرسی ئاژانسی پاراستن زانیاری دەرکردووە، بەڵام تا ئەمڕۆش ئەژی ئەمین لەدەزگای زانیاری دەوامی خۆی کردووە.

لەدوای ڕوداوەکانی ٨ی تەموزی ساڵی ڕابردووی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەفەرمانێکی هەرێمی کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەرکرابوو، ئەژی ئەمین وەک بەرپرسی دەزگای زانیاری و وەهاب هەڵەبجەیی وەک بەرپرسی دەزگای دژە تیرۆر دەستنیشانکران.
دوای جێگیرکردنی ئەو بەرپرسە نوێیەی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر، لەسەر چەندین پرسی ناوخۆیی ئەو دوو دەزگایە کێشە دەکەوێتە نێوان هەر یەک لەئەژی ئەمین و وەهاب هەڵەبجەیی.

کێشەکانی وەهاب هەڵەبجەیی و ئەژی ئەمین چین؟
لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا، چەندینجار کێشە هەبووە لەنێوانیان. ئەمەش بەهۆی ئەوە بووە کە وەهاب هەڵەبجەیی پابەند نەدەبوو بۆ بڕیارەکانی ئەژی ئەمین، بەز پێیەی لەڕووی ئیدارییەوە دژە تیرۆر بەشێکە لەدەزگای زانیاری و پۆستەکەی ئەژی ئەمین لەسەروی وەهاب هەڵەبجەییەوە بووە، بەڵام وەهاب هەڵەبجەیی خۆی بەهاوشانی ئەژی ئەمین زانیوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی نێوان ئەو دوو بەرپرسە ئەمنییە، بافڵ تاڵەبانی پێشنیاری ئەوە دەکات هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی بکات بەهێزێکی سەربەخۆ و لەڕووی ئیدارییەوە بخرێنەسەر هێزەکانی یەکەی حەفتای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەڵام بەهۆی هۆشدارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕاگرتنی هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی دژە تیرۆر، ئەم بیرۆکەیەی بافڵ تاڵەبانی جێبەجێ ناکرێت.

کێشەکانی بافڵ تاڵەبانی و ئەژی ئەمین
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست بوار نیوز کەوتووە، بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ دەست بەکار بوونی ئەژی ئەمین، وەک بەرپرسی ئەو دەزگایە دەستکراوەی دەکات لەئەنجامدانی هەموو گۆڕانکارییەک و پێی ڕادەگەیەنێت هەموو ئەو کەسانەی پێشتر لەو دەزگایە بەرپرسیارێتییان هەبووە لەکارەکانیان دووریان بخاتەوەو کەسانی نوێ لەشوێنیان دابنرێت، بەڵام ئەژی ئەمین زۆربەی گۆڕانکارییەکانی دواخستووەو پێی وابووە ئەوانە کادیری ئەم دەزگایەن و کادیر بەئاسانی دروست نابێتەوە کە بتوانێت ئەو کارانە ڕابپەڕێنێت. بۆیە لەم کارەیدا بافڵ تاڵەبانی گومان لەسەر ئەژی دروست دەکات. بەتایبەت کە بافڵ تاڵەبانی لای کەسە نزیکەکانی باسی ئەوەی کردووە کە ئەو وەک شەخسی خۆی هیچ خۆشی لەو دەزگایە نایەت و ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ ئەو دەزگایە هەیە، چونکە لاهور شێخ جەنگی لەڕێگەی کادیرانی ئەو دەزگایەوە کۆنتڕۆڵی دواین کۆنگرەی ئەو حیزبەی کردبوو، توانیبووی دەست بەسەر تەواوی یەکێتیشدا بگرێت.
یەکێکی دیکە لەگومانەکانی بافڵ تاڵەبانی لەئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاری، دروستکردنی هێزێکی تایبەت بووە لەلایەن ئەژی ئەمینەوە لەژێر ناوی ئەوەی ئەو هێزە تایبەتەی پێویستە بۆ پاراستنی دەزگای زانیاری و لەماوەی ئەو هەشت مانگە هێزێکی فراوانی تایبەتی ڕاهێنراو پێکدەهێنێت بۆ دەزگای زانیاری.
ئەم دوو هۆکارە کێشەی بنەڕەتی بوون لەنێوان هەر یەک لەئەژی ئەمین و بافڵ تاڵەبانی. بەتایبەت کە بەم دواییانە ئەژی ئەمین ڕۆڵی گێڕا لەوەی کە قونسولخانەی تورکیا لەسلێمانی بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی دەستوەردانەکانی ئێران ڕێگە نەدرا قونسولخانەی ئەو وڵاتە لەشاری سلێمانی بکرێتەوە.

بۆچی نێچیرڤان بارزانی، فەرمانی هەرێمی دەرناکات؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست بوار نیوز کەوتووە سەرەتا هەوڵدراوە کەسێکی نزیک لەقوباد تاڵەبانی لەشوێنی ئەژی ئەمین دابنرێت، بەڵام بەهۆی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی ئامادە نەبووە واژوو لەسەر هیچ فەرمانێک بکات تا کێشەکانی ئەو دوو حیزبە چارەسەر دەکرێن. بۆیە بافڵ تاڵەبانی بەدوای دەرچەیەکی یاسایی گەڕاون تاوەکو گۆڕانکاری لەو پۆستەدا بکەن. بەهۆی ئەوەی جەلال شێخ ناجی بەرپرسی هەواڵگری وەزارەتی پێشمەرگەیەو بەپێی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشەو بەپێی یاساش پۆستەکەی هاوتایە لەگەڵ پۆستەکەی ئەژی ئەمین بەشێوەیەکی فەڕمی دەتوانێت لەغیابی بەرپرسی دەزگای زانیاری وەک ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش واژوو لەسەر نوسراوەکانی ئەو دەزگایە بکات. بەڵام بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، تا ئەمڕۆش ئەژی ئەمین لەشوێنی خۆی دەوامی کردووە.

هەڵپەساردنی دۆسیەی ئەژی ئەمین
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەژی ئەمین لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبووەتەوەو بەناوی نێوەندگیرییەوە لەو کۆبونەوەیە بەڵێنی ئەوەی بەئەژی ئەمینداوە کە ئەو گۆڕانکارییانە هەڵپەسێرێت.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، ئامانجی لەو بەڵێنەی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەوەیە ئەژی ئەمین لە پۆستەکەی بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی نێوانی پارتی و یەکێتی ئاسایی دەبێتەوە ئەو کات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەڕمی کەسێکی نزیکی خۆی بکاتە بەرپرسی دەزگای زانیاری نەک جەلال شێخ ناجی کە بەکەسێکی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بکرێتە بەرپرسی ئەو دەزگایە. بەپێی زانیارییەکانی بوار کاندیدی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەو پۆستە دکتۆر یوسف گۆرانە کە پێشتر وەزیری خوێندنی باڵا بووەو ئێستاش بەرپرسی نوسینگەی قوباد تاڵەبانییە. پێشووتریش لەبەشی دیراساتی دەزگای زانیاری کاریکردووە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color