سەیوان عەلی، بریكاری وەزیری پەروەردە:
دەستم خۆش بێت سەردانی گۆڕی مەلا مستەفا بازرانیم كردووە
من نەبووم بەپارتی ئەگەر بشبم بە پارتی "لەخواش ناترسم” ڕێك ئەڵێم من پارتیم
من هەر گۆڕانم، زۆریش پابەندم بە پرنسیپەكانی گۆڕانەوە پێم وانییە زۆركەسیش كە باسی ئەم بابەتانە دەكەن لەمن گۆڕانتربن.
نێچیرڤان بارزانیش، هاتووەتە سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا. خۆناكرێت بڵێین نێچیرڤان بارزانی بووەتە گۆڕان
بوارنیوز، تایبەت
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم و ستافی وەزارەتەكەی سەردانی گۆڕی مەلا مستەفا بارزانییانكرد لەناو وێنەكاندا بریكاری وەزیری پەروەردە دەردەكەوێت كە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، لە لێدوانیكیشدا بۆ بوار نیوز بریكاری وەزیری پەروەردە دەڵێت "دەستم خۆش سەردانی گۆڕی مەلا مستەفا بارزانیم كردووە".
سەیوان عەلی، بریكاری وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم بە بوار نیوزی ڕاگەیاند: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری پەروەردەو ستافی وەزارەت بەبۆنەی یادی لەدایك بوونی مەلا مستەفا بارزانییەوە سەردانی گۆڕی مەلا مستەفامان كرد، لە ناوچەی بارزان، منیش وەك ئەندامێكی ستافی وەزارەتی پەروەردە پێم باش نەبوو خۆم جیابكەمەوە لەو ستافەو سەردانی گۆڕی بارزانیم كرد، بەم سەردانە خۆ دنیا كاول نەبووە بۆیە دەستم خۆشبێت كە ئەو سەردانەم كرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەبۆچوونی من زۆر ئاساییە ئەو سەردانەی گۆڕی مەلا مستەفا، چونكە ئەم سەردانە بۆ گۆڕی پیاوێك بووە كە لە مێژووی كورددا ناوی دیارە مێژووی كورد بە بێ ئەو بەهیچ شێوەك باسناكرێت، چونكە نزیكەی 60 ساڵ لە جوڵانەوەی كوردیدا ڕۆڵی هەبووە، بۆیە ئەو جۆرە سەردانانە ئاسایین لە كاتێكدا (نێچیرڤان بارزانیش) هاتووەتە سەر گۆڕی (نەوشیروان مستەفا) خۆناكرێت بڵێن نێچیرڤان بارزانی بووەتە گۆڕان، یان ئێمە چوینەتە سەر گۆڕی (مام جەلال) كەواتە ئێمە بووینەتە یەكێتی؟ بۆیە مەلا مستەفا پیاوێكی مێژوویەو ستافێكی وەزارەت چوونەتە سەر گۆڕەكەی منیش" قەلی سپی" نیم خۆم لە ستافی وەزارەتەكەم جیابكەمەوە.
بریكاری وەزارەتی پەوەردرە ئەوەشی خستەڕوو، من نەبووم بەپارتی ئەگەر بشبم بە پارتی "لەخواش ناترسم" ڕێك ئەڵێم من پارتیم، بەڵام ئەگەر گۆڕان لەسەر ئەو سەردانەی گۆڕی مەلا مستەفا دەرم بكات ئەوە شتێكی ترە، بەڵام هەر گۆڕانم و زۆریش پابەندم بە پرنسیپەكانی گۆڕانەوە پێم وانییە زۆركەسیش كە باسی ئەم بابەتانە دەكەن لەمن گۆڕانتربن.