گرنگ

وردەکاری کێشەو گرفتەکانی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک

2022-07-25

 
وردەکاری کێشەو گرفتەکانی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک
کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە پارێزگای سلێمانی جارێکی تر مان دەگرنەوە
بوار، تایبەت
بەپێی زانیاریەکانی بوار، بەهۆی خەرج نەکردنی شایستە دارایەکانیان کۆمپانیاکانی پاککردنەوەی زبڵ و خاشاک لەسنوری سلێمانی جارێکی تر بەنیازی مانگرتنن.
بەهۆی ئەوەی شایستەی دارایییەکانی کۆمپانیاکان خراوەتە سەر داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی و لەهەولێرەوە هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج ناکرێت، بەڵکو دەبێت تەواوی شایستەکانیان لە داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە پێبدرێت.
پێویستی مانگانەی ئەو کۆمپانیایانە نزیکەی چوار ملیار دینارە، لە ئێستاشدا نوسینگەی قوباد تاڵەبانی فشاری خستووەتە سەر ئەو کۆمپانیایانە کە بەردەوامبن لەکارکردن تا گرفتەکانیان چارەسەر دەکرێت.
مەرجی کۆمپانیاکانیش بۆ ڕازیبوون بەو داواکارییەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئەوە بووە کە دەبێت چارەسەرێکی بنەڕەتییان پێشکەش بکرێت بۆ ئەوەی لەداهاتوودا ئەو کێشەیە دووبارە نەبێتەوە.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، کۆمپانیاکانی پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک کارەکانیان وەستاندو زبڵ و خاشاکی زۆر لە ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری کۆبووەوە. بەتایبەت لە چەمچەماڵ و سەیدسادق، بۆ ماوەی ٤۰ ڕۆژ زبڵ وخاشاک کۆنەکرایەوە.
دوای فشارێکی زۆر، ڕۆژی ٦ی ئازاری ڕابردوو نوسنگەی بافڵ تاڵەبانی دوو ملیار و ٤۰۰ ملیۆن دیناری بەقەرز دایە هەرسێ کۆمپانیای هەرێم و شکار و خالید شینکی.
کە پارەکە دوو ملیار دینار بۆ ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری و ٤۰۰ ملیۆن دیناریش بۆ چەمچەماڵ و بازیان خەرجکرا تا دووبارە دەست بەکارکردن بکەنەوە.
لە ئێستاشدا جارێکی تر فشاری دارایی لەسەر هەر شەش کۆمپانیا سەرەکیەکەی پاککردنەوە دروست بووەتەوە کە بریتین لە کۆمپانیاکانی هەرێم و خالید شینکی لە سلێمانی و کۆمپانیای باڤیان لە هەڵەبجەو شارەزوور و کۆمپانیای گەردین لەگەرمیان و کۆمپانیای گارێکس لە ئیدارەی ڕاپەڕین و کۆمپانیای شکار لە چەمچەماڵ.
ئەو کۆمپانیایانە لە ئێستادا ناتوانن لەکاتی خۆیدا موچەی کارمەندەکانیان بدەن. بە پێچەوانەی کۆمپانیاکانی هەولێر و دهۆک بە هۆی پێنەدانی شایستەکانیانەوە نەیانتوانیوە پابەندی بڕیاری وەزارەتی شارەوانی بن بۆ گۆڕینی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانیان بۆ مۆدێلی سەروی ۲۰۱٨.
وەزارەتی شارەوانی، ئاگاداری کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی کردبووەوە کە ئۆتۆمبیل و ئامێرەکانیان بگۆڕن بۆ مۆدێلی ۲۰۱٨ بەرەو سەر.
پڕۆژەکانی ڕیسایکلین و چارەسەرکردنی خاشاک وەستاون. لە ئێستاشدا بەهۆی گرفتی دارایی کۆمپانیاکانەوە، پڕۆژەی ڕیسایکلینی چەمچەماڵ کاری تێدا ناکرێت و تەواو نەبووە.
ڕیسایکلینی شارەزوور لە قەزای سەیدسادق، بڕیار بوو دروست بکرێت هێشتا کاری تێدا نەکراوە.
مانگانە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی پاککردنەوەی خاشاک لەهەرێم ۹ ملیار و ٦٦٦ ملیۆن دینارە. لەو بڕەش زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیانە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color