گرنگ

بەنهێنی کێڵگەیەکی غاز لە هەرێم پەرە پێدەدرێت

2022-08-13

 
بەنهێنی کێڵگەیەکی غاز لە هەرێم پەرە پێدەدرێت
لە پێنج ساڵی ئایندە، توانای بەرهەمهێنانی ١٧٥ ملیۆن پێ سێجا غازی دەبێت لە ڕۆژێکدا
بوار، تایبەت
کۆمپانیای کریست ئینێرجی ئینتەرناشناڵ سەرقاڵی پەرەپێدانی کێڵگەی کوردەمیرە بەئامانجی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەماوەی پێنج ساڵی ئایندەدا.
کۆمپانیاکە لە ئێستادا سەرقاڵی لێدانی چەندین بیرە لە گوندەکانی مەسۆی و فەقێ مستەفای ناحیەی سەنگاو بە ئامانجی گەیشتن بە بەرهەمهێنانی ۱۷٥ ملیۆن پێ سێجا غاز لە ڕۆژێکدا، کە لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۷ و هاوکات بەرهەمی نەوتیش بۆ ٤۰ هەزار بەرمیل ڕۆژانە زیاد بکات.
توانای کێڵگەکە ۱٤ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە و کۆمپانیای وێسترۆن زاگرۆس کاری تێدا دەکات و ئێستا کۆمپانیاکە لقێکە لە کۆمپانیای کریست ئینێرجی ئینتەرناشناڵ.
لەترسی ئەو کاردانەوانەی لە پرسی هەناردەی غازی سروشتی و پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر دروست بوو کۆمپانیاکە کارەکانی بە شێوەیەکی نهێنی دەکات و هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەسەر پرۆسەکە نیە و تەنها داتای پرۆسە نەوتییەکان بڵاو دەکاتەوە.
کێڵگەی کوردەمیر دەکەوێتە گوندەکانی نێوان هەردوو ناحیەی سەنگاوی سەر بە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شێخ تەویلی قەزای کەلار. ڕووبەرەکەی ٦۲۰ کیلۆمەتر دووجایە و بەپێی خەمڵاندنی کۆمپانیای کرێست ئینێرجی، بڕی ۲۲۷ ملیۆن بەرمیل نەوت و ۷۲ ملیۆن بەرمیل کۆندێنسەیت و ۹۳۰ ملیار پێ سێجا غازی سروشتی تێدایە.
٦٨لە سەدی یەدەگی کێڵگەکە غازی سروشتیە و ۳۲ لەسەدی نەوت و کۆندێنسەیتە .
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color