حەسەنەفەندی گۆتی: بەران شتەکیدی هەیە ئاغە، قادراغە گۆتی: بڵێ حەسەنەفەندی! حەسەنەفەندی گۆتی: دەترسێم چەکداری نادراغەی بەدزی زەڕبەکی لە مامۆستا شکۆی بدەن و بڵێن وەڵلا قادراغە کوشتی، قادراغە گۆتی: خەمی هەندێت نەبی، بەخۆم چارەی ئەوەش دەکەم، لەناو خەڵکی گوندیش بڵێ لەو دوو سێ ڕۆژەی مەلای گوندیش بەردەبی، بەران چیدی خوتبەی ناخینتەوە، مەلایەکی دی لەو دوو سێ ڕۆژەی دەگاتە ئێرە، حەسەنەفەندی گۆتی: دەستت خۆشبی ئاغە، خوا پایەدارت بکاو بتپارێزی، ئەوجە ئەگەر ڕوخسەت هەبی ئەمە دەچینەوە مەکتەبێ، ئاغە گۆتی: بڕۆن خواتان لەگەڵبی، لە دیوەخانی چووینە دەرێ و کێشکەمان دیت، ئاگری لەنیوچەوانی دەباری، گۆتیە حەسەنەفەندی: شکۆ ئەوجارەش قورتاربوو، جارەکیدی کێوەدەچی، دەبی بەو دەستانەی خۆم بیکوژم، حەسەنەفەندی گۆتی: پشیت فراوانبی کێشکە، هەر چاکە چاکەیه!
لە ماری قادراغەی چووینە دەرێ و گۆتمە حەسەنەفەندی: بە ویزدانت وەکی سبەینان شەیتان لە خەوێ هەردەستی نایێتە کنەتوو؟ گۆتی: لۆ بێتە کنەمن؟ گۆتم: پرست پێبکاو برێ ئەوڕۆ چبکەم؟ حەسەنەفەندی هەوایەک چووە کەپوویی و گۆتی: سیاسەت بەحرە، ئەوڕۆ دەبی بزانی کوو گێ لە قسەت دەگرن، ئەمن ئەوەندەم بەسە لۆ قیامەتێ، شکۆ لە مردنەکی موحەقەق قورتارکرد، گۆتم: ئەشەدەن و بیللا وەیە، گۆتی: قسەکی بکەم پێم باوەڕدەکەی؟ گۆتم: پاشی ئەو مەوقیفەی لەتووم دیت لەکن قادراغەی هەموو شتت پێباوەڕدەکەم، گۆتی: بڕوابکە ئێستا دەتانم بە یەک سعاتی هەردوو ئاغەی تێکبەردەم و ئەو گوندەی سەراوبنکەن! گۆتم: پێت باوەڕدەکەم، بەران چشتی وا نەکەی چاوەکەم.
گەیشتینەوە مەکتەبێ، دیتمان شکۆ هەر خەریکی دەرس گۆتنەوەیە، چاوی بەمەکەت و گۆتیە تەلەبەکان فرسەیەو پشووەکی بدەن، یەکسەر لۆ لایمە هات و گۆتی: ئەرێ ئەوە ئەنگۆ چتان لێهات و کێوە چوون؟ حەسەنەفەندی گۆتی: ئیشەکی تایبەتمان هەبوو، دوایێ لۆت باسدەکەین، شکۆ گۆتی: پەیوەندی بە وتارە مێژووییەکەی من هەبوو؟ حەسەنەفەندی گۆتی: نەو!
چووینەوە ژۆرەکەی حەسەنەفەندی و دانیشتین، حەسەنەفەندی گۆتی: وەڵلاهی هەقی چایەکی هەیە، بەران ئەوڕۆ تەرتیبات حازرنییە، سبەینێ لەگە خۆمان دەینن، گۆتم: ئەوجە محەو ئیبراهیم چایەمان لۆ لێدەنێن، گۆتی: بەخۆمان لێدەنێین، پێویست ناکا قسەی خۆمان خەسارکەین، شکۆ گۆتی: ئەو قسەچییە، وەڵلا سبەینێ بە شەقوشولاق چایەیان پێ لێدەنێم، ئەدی لۆ فەڕاشن، حەسەنەفەندی گۆتی: چاوەکەم مامۆستا تێکەڵ ئیشیوان مەبەو بەردەکیدی ماوێ گۆمێ، ئەوجارە بەکەس دەرنایێ، ئەمن بەخۆم چایەت لۆ لێدەنێم لە پێشت دادەنێم، بەس خۆ لە محەو ئیبراهیمی مەگەینە، شکۆ گۆتی: ئەمن شتی وا قبور ناکەم، یەعنی چ فەڕاش چایەی لێنانێ، دیارە تەمبەرخانەمان دانایە، گۆتم: وازبینە ڕەحمەت لە بابت، ئەتوو ناتەوێ چایەی بخۆیەوە، دە وازبینە! حەسەنەفەندی گۆتی: یاڵلا با بچینە دەرسێ، وەختی هەندێ نییە، مامۆستا شکۆ بڕۆ پۆلی دوو، شکۆ تەبەشیری دەست دایێ و چووە دەرێ، حەسەنەفەندی گۆتیەمن: چاوەکەم بە شکۆی مەڵێ چووینە کن قادراغەیی و کێشەی وتارەکەمان لۆ حەلکردی، بەخوای گێی لێ نییە بچیتە کن قادراغەیی و بڵێ منەتت بەو گونەی نازانم! ئەمن لەگەر ئەو قسەی لەسەر پشتێ کەتم، گۆتم: وەڵلاهی حەسەنەفەندی هەقی وابوو ئەتوو نازناوت زیرەک بایە، گۆتی: یەعنی ببامە حەسەن زیرەک؟ گۆتم: بەرێ! پێکەنی و گۆتی: گۆرانییەکت لۆ بڵێم؟ گۆتم: دەنگت خۆشە؟ گۆتی: لە حەمامێ!
دەستمدا تەبەشیری و چوومە پۆلی یەک، چوومە ژۆرێ و سڵاوم لە قوتابییەکان کردو هەموو لەبەرم هەستانەوە، گۆتم: دانیشن! دەستم بە قسەی خۆشکرد لەگەریان و گۆتم: ئەنگۆ هەمووتان وەکی کچ و کوڕی منن، ئەنگ بووینە قوتابی و ئیشاڵلا هوردە هوردە فێری خیندن و نووسین دەبن و پاشان گەورە دەبن و دەبنە دختۆر و مامەستا، قوتابیەکان زۆر دریان خۆشبوو، هەندەکیان تەمەنیان لە حەفت و هەشت ساری دەبوو، چونکە دیاربوو پێشتر نەناردرابوونە مەکتەبێ، پۆلەکانیدی وەکی دوو و سێی پێشی گوند ئاوەدانبیتەوە لە کۆمەڵگە زرە ملێیەکان چووبوونە مەکتەبێ، گۆتم: یاڵلا کتابی دەرینن با دەرسی یەکەم بخینین! ئەوان تێکڕا کتابی وردیان دەرینا، ویستم دەست بە دەرسێ بکەم، دیتم نازە بەخۆو بە جانتای برایی و بە چاوی پڕ لە گریانەوە هاتە ژۆرێ!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.