پێشتر دەوترا، تەنیا شاخەكان دۆستی كوردن، بەڵام ئێستا شاخەكان لەژێر دەستی توركیادان
ئیبراهیم عەلی
لەماوەی دە رۆژی رابردودا دەزگای میدیایی بوار نیوز، دۆسیەیەكی تایبەتی لەسەر داگیركارییەكانی توركیا لە (1983 تا 2021) كردەوەو لەدۆسیەكەدا بەوردی ئەو داتا و زانیارییانە خرانەڕو كە لەو ماوەیەدا رویانداوە.
ئێستا بەهۆی داگیركارییەكانی توركیاوە بەدرێژایی سنوری پارێزگای دهۆك و بەقوڵایی سی بۆ چل كیلۆمەتر لەژێر دەسەڵاتی جەندرمەی توركیادایە. بنكەو بارەگا فەڕمییەكانی توركیا لەخاكی هەرێمی كوردستاندا لەنێوانی چل بۆ چل و پێنج بارەگایە. توركیا بەپێی پلانێكی پێش وەختە هێدی هێدی نزیك دەبێتەوە لەسەنتەر شارەكانی هەرێمی كوردستان.
ئێستا هەرێم لەهەمو كات زیاتر لەژێر سێبەرو هەژمونی توركیادایە، چونكە ئەگەر پێشتر توركیا لەرێگەی ئابورییەوە لەهەرێم بونی هەبوبێت، ئێستا لەرێگەی بونی هەمو ئەو بنكەو بارەگا سەربازییە بەشێكی گرنگی خاكی هەرێمی كوردستانی لەژێر كۆنترۆڵدایە.
لەچەند رۆژی رابردوشدا جینین بلاسخارت، وەزیری پێشوی بەرگری هۆڵەندا و نوێنەر تایبەتی سكرتێری نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق لەوتارێكیدا لەبەردەم بەرپرسانی باڵای هەرێم هۆشداری ئەوەی پێدان كە قەوارەی هەرێمی كوردستان بۆ هەتاهەتایە وەك خۆی نامێنێتەوە. وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو هەڕەشە جددیانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەن.
راستییەكە ئەوەیە لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە هەرێم وەك خۆی نەماوەو ئەو قورساییەی پێشوی نەماوە لەململانێ سیاسییەكانی عێراقدا.
ئێستا ئەوەی دەبیندرێت لەڕوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و تەنانەت مامەڵە هێزە سیاسییەكانی عێراقیش حیسابێكی ئەوتۆ بۆ بەرپرسانی هەرێم ناكرێت. لەروی جوگرافیشەوە هەرێم لەدوای ریفراندۆم نیوەی خاكەكەی لەدەستداو بەهۆی هێرشەكانی توركیاش ئێستا زۆرینەی ناوچە شاخاوییەكانی هەرێم یا لەبەر دەستی هێزەكانی توركیایە یا لەبەر دەستی هێزەكانی پەكەكە. ئەوەی ماوەتەوە سەنتەری شارەكانە.
پێشتر ئەوە دەوترا كە كورد تەنیا دۆستێك هەیبێت شاخەكانن، بەڵام ئێستا شاخەكانیشی نەماوەو بەشی زۆری شاخەكان لەژێر دەستی توركیادان. لەڕوی نێودەوڵەتییەوە هەرێمی كوردستان بەهۆی هەڵەكانی خۆیەوە سۆزی وڵاتانی لەدەستداوەو ئەو دۆستایەتی و پشتیوانییە بەهێزەی هێزەكانی رۆژئاوا بۆ هەرێمیان دەكرد ئێستا وەك پێشتر نەماوەو بگرە لەكۆبونەوە تایبەتییەكاندا بەردەوام وڵاتانی ئەوروپی ئامۆژگاری بەرپرسانی هەرێم دەكەن كە كەمو كوڕییەكانیان چاك بكەن. بەڵام گوێنەگرتنی بەرپرسانی باڵای هەرێم لەئامۆژگارییەكانی ئەو وڵاتە وایكرد نوێنەری سكرتێری نەتەوە یەكگرتوەكان بەئاشكراو بەدەنگی بەرز جارێكی دیكە ئامۆژگاری بەرپرسانی باڵای هەرێم بكات.
هەموان كەم و كوڕی و نەنگی و ناشیریینیەكانی دەسەڵاتی كوردی دەبینین، تەنیا بەرپرسانی باڵای هەرێم لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان نایانەوێت راستییەكان ببینن و بگرە بەردەوامن لەسەر هەڵەكانیان.
هەرێم لەماوەی چوار ساڵی رابردو رۆژ لەدوای رۆژ لەپاشەكشەدایە. لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا هەم دۆخی ئابوری هەرێم رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت هەم لەروی ئازادی رادەربڕینەوە نەك گەڕاوەتەوە چوار گۆشەی یەكەم، بەڵكو لەچوار گۆشەیەكی تاریكدایەو رۆژ لەدوای رۆژ پاشەكشەی ئازادی رادەربڕین بەچاوی خۆمان دەبینین.
هەرێم فریای خۆی نەكەوێت، دەكەوێت... ئاماژەكانی كەوتن رون و دیارن. هۆكارەكەشی بەرپرسە باڵاكانی پارتی و یەكێتین. چارەنوسیشیان هەر وەك دەبێت.... هەمویان بەیەكەوە دەكەون... یەكێتی لەمیدیادا وا خۆی وێنا دەكات كە ئەوەی ئەو دۆخەی لەهەرێم دروستكردوە پارتی و سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەت لێی بەرپرسن... بەڵام لەراستیدا لەتەواوی كارەكاندا یەكێتی هاوبەشی پارتییە، چونكە پارتی بەبێ پشتیوانی یەكێتی هیچ كارێكی بۆ مەیسەر نابێت... پێتان خۆش بێت یا ناخۆش لەیەك كەشتیدان و خاوەن یەك چارەنوسن...
میدیای ئێمە لەبری ئەوەی سەرقاڵی خستنەروی زانیاری گرنگ بێت و ئەو مەترسیانە رون بكاتەوە، سەرقاڵی ئەو سەرقاڵكردنانەیە كە دەسەڵاتی سیاسیی هەر رۆژەوە بەشتێكی بێ ماناوە میدیاو خەڵك سەرقاڵ دەكات. میدیا دەبێت كاری میدیایی بكات نەك ئامرازی سەرقاڵكردنی خەڵك بێت...