دواخستنی هەڵبژاردن فشارە نێودەوڵەتیەكانی بۆ سەر هەرێم زیاد كردووە، پارتی بە بەشێك لە داواكاری حزبەكان رازیبووە و بڕیاری داوە لە ئەمساڵدا هەڵبژاردن بكرێت.
پارتی رازیبووە بەگۆڕانكاری لەیاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق .
داواكاری یەكێتی و بەشێك لەحزبەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەچوار بازنە ترسیان لە دووبارە بوونەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنی ڕابردوو هەیە بە هۆی زۆری بایكۆتی دەنگدەران لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە پشكی هەولێر و دهۆك لەكورسیەكانی پەرلەمان زیاتر بوو لە چاو ژمارەی دانیشتوانیان.
داواكاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە ئاماری عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە جیاوازی زۆر لە نێوان ئاماری هەرێم و ئاماری عێراق هەیە و ئاماری هەرێم نزیكەی ٦٥۰ هەزار كەسی زیاترە لە ئاماری عێراق و زۆرینەی ئەو ژمارەیەش بۆ پارێزگای هەولێر و دهۆك هەژمار كراوە.
لەحاڵەتی دابەشكاری كورسیەكان بەپێی ئاماری هەرێم بەركەوتەی سلێمانی ٤ كورسی كەمتر دەبێت و یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ سوربوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە ئاماری كۆمسیۆنی عێراق .
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلان دانانی عێراق بۆ كۆتای ساڵی ۲۰۲۲ ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بریتیە لە ٥ ملیۆن ٨٨۹ هەزار ۱٥۱ كەس و ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ۲ ملیۆن و ۳۹٨ هەزار و ٥۳۳ كەسە و دەكاتە ڕێژەی ٤۰.۷۲% دانیشتوانی هەرێم، دانیشتوانی پارێزگای هەولێر ۲ ملیۆن و ٥۷ هەزار و ۲۲۳ كەسەو دەكاتە ڕێژەی ۳٤.۹۳% دانیشتوانی هەرێم، دانیشتوانی پارێزگای دهۆك یەك ملیۆن و ٤۳۳ هەزار و ۳۹٥ كەسەو ڕێژەی ۲٤.۳٤% دانیشتوانی هەرێم پێكدەهێنێت .
لەكۆی ۱۰۰ كورسی پەرلەمانی كوردستان جگە لە كورسی پێكهاتەكان پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەیەكەوە ٤۱ كورسییان دەبێت (سلێمانی ۳۹ كورسی هەڵەبجە ۲ كورسی) و پارێزگای هەولێر ۳٥ كورسی و پارێزگای دهۆك ۲٤ كورسی دەبێت .
ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك جگە لە قەزای كۆیە ٥۷ كورسی هەڵبژاردنی بەردەكەوێت و ناوچەی ژێر دەسڵاتی یەكێتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو قەزای كۆیە ٤۳ كورسی هەڵبژاردنیان بەردەكەوێت .
تا ئێستا ڕێككەوتن لە سەر چۆنیەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و كورسی پێكهاتەكان و كاتی هەڵبژاردن نەكراوە و ڕەنگە بەهۆی فشارە نێودەوڵەتیەكانی سەر پارتی ویەكێتی لە كۆبونەوەكانی ڕۆژانی ئایندە ئەو پرسانە یەكلای بكەنەوە.
تا دێت فشارەكان زیاتر دەبن و لەو چوارچێویەش لەسەردانەكەی ئەنتۆنی گۆترێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، داوای لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردووە، هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و هیچی تر دوانەخرێت.