لاهور شێخ جەنگی، لەسەر هێرشکردنە سەر باخەکەی هاتە دەنگ
نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی:
گروپ و تاقمێکی لە یاسا دەرچوو کە دەستیان سوورە بە شەهیدکردنی چەند هەڤاڵێکمان هەوڵی ئاژاوەگێڕیی دەدەن
ڕوونکردنەوەیەک لە نوسینگەی بەڕێز لاهور شێخ جەنگییەوە
وەک ئاشکرایە لە دوای ڕووداوەکانی ٨ـی تەمووزەوە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی حیزبەکەی پەنای بردۆتە بەر یاسا و هەموو هەوڵێکیشی بەو ئاڕاستەیە بووە، بەڵام لە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگا و گەڕانەوەی مافەکانی وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گروپ و تاقمێکی لە یاسا دەرچوو کە دەستیان سوورە بە شەهیدکردنی چەند هەڤاڵێکمان هەوڵی ئاژاوەگێڕیی دەدەن، هەر بۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو گروپە لە یاسادەرچووە لە ڕێگەی هێزێکی چەکدارەوە بە بێ فەرمانی دادوەر و بێ هیچ بیانوویەک هەڵیانکوتاوەتە سەر باخی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی لە گوندی کێلەسپی لە شاری سلێمانی، لە کاتێکدا ئەو باخە دوو ساڵە بەکار نەهاتووە و هیچ هێزێکیشی لێ نییە، تەنیا چەند کەسێک کە خەڵکی ئەو ناوچەیەن وەک کارگوزار و باخەوان کاریان کردووە.
لەگەڵ ئەوەی سەلامەتیی ژیانی ئەو کەسانەی لەو باخە کاریان کردووە دەخەینە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، لەهەمانکاتدا هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرینە بەر دژی ئەو یاساشکێنییە، سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کونسوڵخانەی وڵاتان و دیبلۆماتکاران و نەتەوەیەکگرتووەکان لەم کارە مەترسیدارە ئاگادار دەکەینەوە کە لەسەر دەستی ئەو تاقمە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستی پێکردووە و ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتییان و کار و پیشەی کاسبکاران و جوڵەی بازرگانەکان خراوەتە مەترسییەوە.
دووپاتیدەکەینەوە کە ئەو تاقمە لە یاسادەرچووە باجی ئەو کارە نابەجێ و ناپەسەندەیان دەدەن و پیلانەکانیشیان لە زووترین کاتدا پووچەڵ دەکرێتەوە، هەموو یەکێتییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو کارانە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی سوورتر دەکات لە هەوڵەکانی بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارە لارەی کە ئەو تاقمە لە یاسادەرچووە بەسەر یەکێتی و دەڤەری سلێمانیدا سەپاندوویانە.
نوسینگەی بەرێز لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان