بەهێزترین دراو لە جیهاندا کامەیە؟
بەهێزترین دراوی جیهان دیناری کوەیتییە، کە دراوی نیشتیمانی وڵاتی کوەیتە، لەلایەن بانکی ناوەندی کوەیتەوە دەردەچێت.
ناوی دینارەکە لە دیناری ڕۆمانییەوە وەرگیراوە، دیناری کوەیتی بەسەر ١٠٠٠ فلسدا دابەش دەبێت.
کوەیت، وڵاتێکی بچوکە و دەکەوێتە نێوان عێراق و سعودیە لەسەر کەنداوی فارس، ئابوورییەکەی زۆر پشت بە نەوت دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهان بە پێوانەکردنی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی، کوەیت وڵاتێکی بێ باجە و کەمترین ڕێژەی بێکاری تێدایە.
دیناری کوەیتی لە ساڵی ١٩٦١ جێگرەوەی ڕوپیەی کەنداو بوو، ڕوپیەی کەنداو دراوێک بوو بە بەهای ڕوپیەی هیندی بەسترابوویەوە، لە ساڵی ١٩٩٠ کاتێک عێراق هێرشی کردە سەر کوەیت، دیناری عێراقی جێگەی دراوی کوەیتی گرتەوە، پاش کۆتایی هاتنی جەنگەکە، دیناری کوەیتی وەک دراوی فەرمی وڵاتەکە گەڕێندرایەوە و زنجیرەیەکی نوێی دراوی بانکی خرایە بازاڕەوە.
پۆلێنەکانی دراوی کوەیت بریتین لە چارەکە دینار، نیو دینار، ١ دینار، ٥ دینار، ١٠ دینار و ٢٠ دینار. هەروەها خاوەنی دراوی کانزاییە کە پۆلێنەکانی بریتین لە پێنج فلس، ١٠ فلس، ٢٠ فلس، ٥٠ فلس و ١٠٠ فلس.
بەهای دراوەکە
بەهای دراوی کوەیتی لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا تا ڕادەیەک بەجێگیری ماوەتەوە، بەهاکەی بە نزیکەیی لەنێوان ٣,٢٢ بۆ ٣,٥٤ دۆلار بەرانبەر هەر دینارێکی کوەیتی بووە، بەمەش بەهاکەی بە نزیکەیی سێ ئەوەندەی دۆلارە.
بۆچی دیناری کوەیتی ئەوەندە بەنرخە؟
بەنرخییەکەی لەوەدایە کە خواستێکی زۆری لەسەرە، ئابووری کوەیت بە پلەی یەکەم پەیوەستە نەوتە، بەڵام نەک هەر ئەوە، وڵاتێکی سەقامگیرە کە داهاتی نەوتی خۆی بە شێوەیەکی کارا بەکاردەهێنێت، بە پێچەوانەی زۆرێک لە وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت، جگە لەوەش هەناردەکارێکی گەورەی نەوتە. لەبەرئەوەی خواست لەسەر نەوتی جیهانی زۆرە، خواست لەسەر پارەدان بە دراوی کوەیتیش زۆرە، ئەمەش وایکردووە دراوی کوەیتی ببێتە دراوێکی زۆر بەنرخ.