ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەبەوەدەكات شاسوار عەبدولواحید كەسێكە بەردەوام هەڵوێستەكانی دەگۆڕێت، پەیامەكانی هەموو جنێوبوون، بەڵام شاسواردراوسێی ماڵی مام جەلالە، لە روانگەی دراوسێیەتییەوە چاوپۆشی لە هەندێك شت دەكەین. لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند: ئێمە وەك یەكێتی هەموو هێزو لایەنێكی سیاسی رێزلێگیراوە، وە ئێمە لەو بڕوایەداین بەكۆدەنگی و تەبایی دەتوانین ئەو ئەركە هاوبەشەی لەسەر شانی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكانە بە ئەنجام بگەیەنین، ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات تەواوكەری یەكترن بەڵام ئەركیان جیاوازە، هەركامیان وەكو پێویست ئەركەكانی خۆی جێبەجێنەكات. ئاماژەی بەوەشكردووە، پەیامەكانی شاسوار عەبدولواحید هەموو جنێوبوون، كۆمەڵێك چەمك و دەستەواژەبوون ئێمە حەزناكەین وەڵامی بدەینەوە، هاوكات پرۆژەیەكی نەبووە تا ئێمە قسەی لەسەربكەین، بەڵام شاسوار دراوسێی ماڵی مام جەلالە، لە روانگەی دراوسێیەتییەوە چاوپۆشی لە هەندێك شت دەكەین، هەمیشە ناوی یەكێتی لەپێش ناوی لایەنەكانی ترەوەیە بۆ جنێودان و هەڕەشە و جاری واهەیە لە دراوسێیەتیدا دەبێت پشوو درێژبیت دەربارەی هەندێك بابەت. ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی وتووە، شاسوار عەبدولواحید وشەی "درۆ " بەكاردەهێنێت، لە دنیای سیاسەتدا وشەی تر زۆرن وەك پاشگەزبونەوە، یان هەڵوێست وبۆچوونەكانی زوو زوو دەگۆڕێن، بۆ نمونە پێش هەڵبژاردن دەیوت مەحاڵە ئێمە لەگەڵ یەكێتی و پارتی كۆببینەوە یان دەیوت مەحاڵە ئێمە لەگەڵ ئەمانە بچینە حكومەتەوە، بەڵام دوای هەڵبژاردن رایان گۆڕی و تاكە حزب كە بڕیاریاندا راشكاوانە بڵێن دەچینە حكومەتەوە نەوەی نوێ بوو.