ماوەی سێ ڕۆژە تیمی پڕۆژەی 'هەژماری من' گەڕاونەتەوە بۆ بانكی مەڵكەندی لە سلێمانی ئەوەش بە مەبەستی تۆماركردنی فەرمانبەران و خانەنشینان لە پرۆژەكەدا، هاوكات تائێستا لە 40%ی مووچەخۆر وخانەنشینانی سلێمانی لە پرۆژەكەدا تۆمار كراون، بەڵام هیچ پێشمەرگەیەكی یەكەی 70 تۆمارنەكراوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، ماوەی سێ ڕۆژە تیمەكانی 'هەژماری من' گەڕاونەتەوە بۆ بانكی مەڵكەندی لە سلێمانی و خەریكی تۆماركردنی فەرمانبەر و خانەنشینانن لە پڕۆژەكە، هاوكات لە هەفتەی رابردووەوە رۆژانە نزیكەی 100 فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پرۆژەكەیان لە سلێمانی تۆمار كراوە، لە كاتێكدا پێشتر رۆژانە نزیكەی 10 كەس تۆمار دەكران. ئاماژە بەوەشكراوە، لە سلێمانی هیچ ئەندامێكی ئاسایش و هێزەكانی 70 تۆمار نەكراون، بەڵام 4256 پێشمەرگەی هێزەكانی 80،هەروەها 3639 ئەندامی هێزەكانی زێرەڤانی و 9239 خانەنشین تۆمار كراون، هاوكات 63 هەزار و 666 فەرمانبەری مەدەنی و زیاتر لە 44 هەزاری دیكەش لە هەموو چینەكانی دیكە تۆماركراون، كۆی گشتی 125 هەزار و 461 فەرمانبەر و خانەنشین لە سلێمانی تۆمار كراون. ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە پڕۆژەی 'هەژماری من' تا ئێستا لانیكەم 750 هەزار مووچەخۆر تۆمار كراون و 600 ئامێری راكێشانی پارەیش دانراون.