بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كارەبای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كەمی باران و وشكەساڵی بووەتە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەنداوی دووكان، ئەو ئاوەی ئێستا گلدراوەتەوە تەنیا بەشی خواردنەوە دەكات و ناتوانرێت كارەبای لێ بەرهەم بهێنرێت. سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كارەبای سلێمانی ڕایگەیاند: ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان زۆر دابەزیوە، بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەكان داوایان كردووە بەشێوەیەكی كاتی بەردانەوەی ئاو كەم بكرێتەوە، بۆیە ئەو بڕەی بەردەدرێتەوە بەشی بەرهەمهێنانی كارەبا ناكات و بەوهۆیەشەوە بەرهەمهێنانی كارەبا بەتەواوی وەستاوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم قۆناغەدا كاری لەپێشینە بۆ ئاوی خواردنەوەیە، ئەو كارەبایەی لە ماوەی ڕابردوو لە بەنداوەكە بەرهەم دەهات ڕێژەكەی زۆر دابەزیبوو، بۆیە كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی نابێت، هاوكات ئەمساڵیش بەهۆی كەمی بارانەوە كە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 50% كەمتر باریوە، ئاوێكی كەمتر لە ساڵانی ڕابردوو گلدراوەتەوە. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كارەبای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشتر وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەنداوی دووكان 400 مێگاوات كارەبای بەرهەم دەهێنا، بەڵام بەم دواییە دابەزیبوو بۆ 40 مێگاوات، ئێستاش بەتەواوی ڕاگیراوە.