گرنگ

بەغدا مامەڵەی وڵات لەگەڵ هەرێم دەکات

2025-05-08

 

حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر کێشەی گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل لە هەرێمەوە بۆ باشور و ناوەڕاستی عێراق ڕێککەوتن. بەپێی زانیارییەکان، دوای هەفتەیەک لە دانوستاندن دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی جموجوڵی بازرگانی نێوان هەرێم و بەغدا بەگرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێ و شوێنی نوێ. بەپێی زانیارییەکان، لە ڕێکەوتنەکەدا هەرێمی کوردستان وەک ناوچەی ترانزێت و وەک وڵات مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و دەبێت هەر بارهەڵگرێک کەلوپەل لە تورکیاو ئێرانەوە لە ڕێگای دەروازەکانی هەرێمەوە بۆ باشور و ناوەڕاستی عێراق ببات، دەبێت بارەکەی وەکو ترانزێت هەژمار بکرێت و نابێت بارەکەی بکرێتەوە تەنها جۆرێک لەمۆری هاوشێوەی ترانزێتی لێ دەدرێت پێی دەوترێت سێڵ. بەپێی زانیارییەکان، پێشتر هەر بارهەڵگرێک لە دەروازەکانی هەرێمەوە کاڵای بۆ ناوچەکانی عێراق ببردبایە دەبوو لەماوەی ۷۲ کاتژمێر بگەیشتایە سنوری حکومەتی عێراق، بەڵام ماوەکە کراوەتە دوو هەفتە. هەر لە ڕێکەوتنەکەدا بڕیار دراوە ئەو بارانەی لە ۲۰ ڕۆژی ڕابردوو و لە۱٥ی نیسان هاتوونەتە هەرێم ڕێگەیان بدرێت ببرێنە باشور و ناوەڕاستی عێراق. بەپێی زانیارییەکان، ئەو بارانەی پێویستیان بەکۆگاکردن و هەڵگرتنیان تا وەرزی بەبازاڕکردن هەیە ماوەی کۆگاکردنیان لە هەرێم لە دوو مانگەوە کراوە بە چوار مانگ. ڕێکەوتنەکەی بەغداو هەرێم لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت و دەبێت بازگەکانی نێوان هەرێم و موسڵ و کەرکوک و دیالە پابەند بن پێوەی و جوڵەی بازرگانی ئاسایی بێتەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color