مەسعود بارزانی لە بەردەم لاوان و قوتابیانی حیزبەكەیدا وتارێكی پێشكەش كرد و لە ناوەڕۆكی وتارەكەیدا پەیمێكی ئاراستەی بەرپرسانی باڵای یەكێتی كرد و بێهیوای كردن لەو خواستەی ئەوان كە هەیانە بۆ پێكهێنانی حكومەت. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە كۆبونەوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم داوای كابینەی پەنجا بە پەنجایان كرد، بەڵام پارتی بەهەموو شێوەیەك ئەم داوایەی ڕەتكردووەتەوەو لەو وتارەشیدا مەسعود بارزانی بەتەواوی یەكێتی بێ هیوا كرد و قسەی كۆتایی كرد. مەسعود بارزانی، لە وتارەكەیدا دەنگی حیزبەكەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئاشكرا كردو ڕایگەیاند "پارتی وەك حیزب حیزبی یەكەم دەبێت لەسەر ئاستی هەموو عێراق. چونكە دەنگەکانی لە یەک ملیۆن دەنگ تێدەپەڕێت بە کەرکووک و نەینەوا ناوچە کوردییەکان". مەسعود بارزانی، مەرجەكانی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند "بەهیچ شێوەیەك حكومەت لەسەر بنەمای (50 بە 50) پێكناهێرێت". بارزانی لەم ڕوەوە زیاتر دواو گوتی "لە داهاتوو دەبێت یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک پێشمەرگە هەبێت. كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمیش لەسەر ئەو بنەمایە پێكدەهێنرێت. حکومەتێک ئەو بنەمایانەی تێدانەبێ تەشکیل نەبێ باشترە".