بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسولەی خۆراك لە هەولێر ئاماژە بەوەدەكات لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوو فۆڕمی خۆراك بە ئەلیكترۆنی بكرێت بۆ ئەومەبەستەش ئەپلیكەیشنێكی تایبەت بەو بابەتە كارادەكرێت. سیامەند قادر، بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسولەی خۆراك لە هەولێر ڕاگەیاند: هەفتەی ڕابردوو شاندی وەزارەتی بازرگانی هاتن بۆ هەولێر، بەڵێنیاندا لە ماوەی دوو هەفتەدا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك ئەپڵیكەیشنەكە كارا بكەن، چاوەڕێین لە هەفتەی داهاتوودا ئەپڵیكەیشنەكە كارا بكرێت و ئێستا لە پرۆسەی ئامادەكارین. ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كاتەی ئەپڵیكەیشنەكە كارا دەكرێت ڤیدیۆی فێركاری بڵاودەكەینەوە و هاونیشتمانیان دەتوانن لە ماڵەوە بە مۆبایل ئەپڵیكەیشنەكە كارا بكەن، بەڵام پێویستی بە كارتی نیشتمانی ئەندامانی خێزان هەیە، هاوكات جارێ هیچ مامەڵەیەكی دیكە ڕایی ناكرێت وەكو زیادكردنی ناوی منداڵ هەفتەی پێشوو شاندێكی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و وەك یەكەم پارێزگای هەرێمی كوردستان، ئەپڵیكەیشنی ئەلیكترۆنی لە پارێزگای هەڵەبجە كارا كرا و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووش لە پارێزگاكانی دیكە كارا بكرێت.