گرنگ

حکومەت، پارەیەکی خەیاڵی لە پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەستدەکەوێت

2025-05-18

 

حکومەتی هەرێم لە فرۆشتنی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان پارەیەکی خەیاڵی قازانج دەکات. بەپێی زانیارییەکانی بوار، حکومەتی هەرێم هەر کیلۆواتێک کارەبا لە نێوان ٢٣ دینار بۆ ٦٤ دینار لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکڕێتەوەو بەپێی ئەو نرخانەی بۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێری دانراوە، ئەو هاوبەشانەی لە ١٦٠٠ کیلۆ وات کارەبا زیاتر بە کاردەهێنن هەر کیلۆ واتێکیان بە ٣٥٠ دینار لەسەر هەژمار دەکرێت. کەمترین نرخیش کە لەسەر هاوبەشانی کارەبا هەژمار دەکرێت ئەو هاوبەشانەن کە تەنیا ٤٠٠ کیلۆ وات کارەبا بەکاردەهێنن، ئەویش بۆ هەر کیلۆواتێک ٧٢ دینارە. حکومەتی هەرێم لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، کارەبا دەکڕێت و نرخەکانیش بەم شێوەیە: حکومەت لە وێستگەکانی هەولێر و چەمچەماڵی کۆمپانیای ماس هەر کیلۆواتێک کارەبا بە ٥٥ دینار دەکڕێت و لە وێستگەی دهۆکی هەمان کۆمپانیا هەر کیلۆ واتێک کارەبا بە ٤٣ دینار دەکڕێت. حکومەت لە وێستگەی خوڕمەڵە کە کۆمپانیای کار خاوەندارێتی دەکات و لە وێستگەی بازیان کە کۆمپانیای قەیوان خاوەندارێتی دەکات هەر کیلۆواتێک کارەبا بە ٤۳ دینار دەکڕێت. لە وێستگەی هەڵمی خەبات لە هەولێر هەرزانترین نرخی کڕینی کارەبای هەیە و نرخی کڕینی هەر کیلۆواتێک ۲۳ دینارە. لەوێستگەی باعەدرێ لە پارێزگای دهۆک، حکومەت نرخی کیلۆواتێک ۳٨ دینارە. لە وێستگەی غازی ئەگریکۆ لە گەرمیان تێچووی کڕینی کارەبا بەرزترینە و بەهای کیلۆواتێک ٦٤ دینارە. ئەگەر نرخی کڕینی هەر کیلۆواتێک بە تێکڕا وەربگرین ئەوا هەر کیلۆواتێک بە ٤۹ دینار لەسەر حکومەتی هەرێم دەکەوێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color