بەبۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی یەكەم ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بزوتنەوەی گۆڕان باڵی گردی زەرگەتە ڕاگەیەندراوێكیان بلاوكردەوە كە تیایدا داوای كۆتایی هێنان بە ناكۆییەكانی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن و دەشڵێن ئەمساڵ بە دڵی شكاوەوە ئەو ڕۆژە یاد دەكەینەوە. لە ڕاگەیەندراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان باڵی گردی زەرگەتە ئەوەهاتووە، رۆژی 19/5/2017 لە بیری هەموماندا نەخشێنراوە وەك رۆژی كۆستی نەتەوەیەك بۆ كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، دەگمەنن ئەو سەركردانەی لە مێژودا وەك نەوشیروان مستەفا شێوەیان بەخشیوە بە چەندین قۆناغ لە ژیانی سیاسی، مێژویی، هزری، رۆژنامەوانی و كۆمەڵناسی نەتەوەكانیان. ئاماژە بەوەشكراوە، چەند خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژوی نوێی كورددا هەن، نەوشیروان مستەفا رۆڵی یەكلاكەرەوەی تێدا هەبوە. لە نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و چەسپاندنی فیدراڵیزم، ئەندازیاری گۆڕانكاری، رچەشكێن و سەركردەی یەكەم بوو، بەڵام لە رۆژی كۆچی دوایی ئەوەوە بڕیاربەدەستەكان كارەسات بە كارەسات ئەسپێرن، لەم ساڵیادەدا ئەتوانین بە هەمان رۆحیەت لە روی زوڵم و ستەم، نادادی، گەندەڵی، پێشێلكاری و دەستدرێژی بۆ سەر ئازادی خەڵك، رۆژنامەنوسان و چالاكوانان، تۆقاندن و ترس، بوەستین. باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ساڵیادی نەوشیروان مستەفا رۆژێكە بۆ رێزگرتن لەم سەركردە مەزنەی كورد، رۆژێك نیە بۆ ناكۆكی و ململانێ، بۆ ئامانجی گەورەی هاوبەشمان، هەمو ئەو گۆڕانخوازانەی پێكەوە كارمان كردوە، لەم ساڵیادەدا دەستی برایەتی و كاری پێكەوەی درێژ ئەكەین، لێبوردەیی و یەكتر قبوڵ كردن بنەمای بیر و باوەڕی نەگۆڕی ئێمەیە، لەم رۆژەدا بە دڵی شكاو و پڕ ئازارەوە یادی كۆچی دوایی رێبەری كورد نەوشیروان مستەفا ئەكەینەوە.