واژۆ کردنی گرێبەست بۆ پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی میران و تۆپخانە دوای ڕیفراندۆم و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و دادگای ژووری بازرگانی پاریس پێشهاتێکی نوێیە. حکومەتی هەرێم لە دوای ساڵی ۲۰۱۰ گرێبەستی بۆ کێڵگەی میران کردبوو و کێڵگەی میران گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی تورکی بوو بەهۆی پابەند نەبوون بەگرێبەستەکەوە حکومەتی هەرێم تاکلایەنە لە ساڵی ۲۰۲۱ گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە. بلۆکی میران ڕووبەرەکەی هەزارو ۱٥ کیلۆمەتر دووجایە لە ناوچەی تاسڵوجەی سلێمانی دەست پێدەکات تا بناری پیرەمەگرون و سورداش دەگرێتەوە. هەموو ڕۆژئاوای ڕێگای «دوکان - سلێمانی» و شارۆچکەی بازیان و ناوچەی چەمی ڕەزان و بەشێک لە ناحیەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵ دەگرێتەوە. کێڵگەکە مەزەندە دەکرێت هەشت تریلیۆن پێ سێجا غازی تێدا بێت و ساڵانی ڕابردوو چەند بیرێک لە کێڵگەکە لێدراون. بیری یەکەم نزیکە لە گوندی کانی میران و سابوراوای پیرەمەگرون بووەە بیری دووەم لە نزیک گوندی گەورەدێی ناحیەی ئاغجەلەر و بیری سێیەم لە نزیک گوندی تەڕەمار و ناحیەی پیرەمەگرونە. بیری چوارەم لەنێوان گوندەکانی کانی چنار و قازانی ناحیەی پیرەمەگرونە. کێڵگەکە بەناوی گوندی کانی میران ناو نراوە میران و یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی پارێزگای سلێمانی. گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای HKN ی ئەمەریکی و گروپی ئۆنێکسە. پێکەوە کۆمپانیایەکی نوێ بەناوی میران ئینێرجی دروست دەکەن و کۆمپانیای HKN ی ئەمەریکی بەشێکە لە گروپی هیڵ وودی ئەمەریکی و لە هەرێم کێڵگەکانی ئەتروش و سەرسەنگ بەڕێوە دەبات و ڕۆژانە زیاتر لە ۷۰ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. پلانی گرێبەستەکە وایە لەو بیرانە و بیری نوێ لەماوەی ساڵ و نیوێکدا ئاستی بەرهەمی غاز بگەیەنرێتە ۷۰ ملیۆن پێ سێجا. لەو ماوەیە کێڵگەکە بەبۆڕی ببەسترێت بە وێستگەی کارەبای بازیان و بۆڕی غازی «بازیان- چەمچەماڵ»ەوە. دواتر پلانێک هەیە بۆ بەستنەوەی کێڵگەکە بە کارگەکانی حەوزی بازیان (کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن) و بەستنەوەی ناوچەی پیشەسازی عەربەت و تانجەرۆ بەبۆڕی بە کێڵگەکەوە. بەبەستنەوەی بە وێستگەی بازیانەوە دەتوانرێ غاز لە بۆڕی «بازیان- چەمچەماڵ»ەوە بنێردرێت بۆ هەولێر کاتێک بەرهەمی غازی کێڵگەکە دەگاتە ئەو ئاستەی لە پێداویستی وێستگەی بازیان زیاتر بێت کە ساڵی داهاتوو پێویستی بە ۲۰۰ ملیۆن پێ سێجا غاز دەبێت لە ڕۆژێکدا. بەپێی ماوەی گرێبەستەکە قازانجی پێشبینیکراو و بەهای ئابوری پەرەپێدانەکە ٤۰ ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.