دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک کشانەوە و بوار نهێنی پشت کشانەوەکە ئاشکرا دەکات. ئەمڕۆ ۲۱ی ئایار، هەریەک لە ڕەعد ساڵح لە حزبی تەقەدووم و زاهیر ئەنوەر عاسی لە هاوپەیمانی عروبە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کشانەوەی خۆیان لە ڕێکەوتنی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک ڕاگەیاند. دوو ئەندامەکەی ئەنجومەن بڕیاریانداوە لە ئەنجومەنی پارێزگا بمێننەوە، بەڵام بەشێک نابن لەو ڕێکەوتنەی بۆ ئیدارەی کەرکوک لەگەڵ یەکێتی واژۆیان کردووە. بەپێی زانیاریەکانی بوار، کشانەوەی ئەو دوو ئەندامەی پێکهاتەی عەرەب بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن و کێشەکانی ناو پێکهاتەی عەرەبی کەرکوکەوە هەیە. زاهیر ئەنوەر برازای شێخ وەسفی عاسی سەرۆکی هۆزی عوبێد، ماوەیەکی زۆرە خۆی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دوور دەگرێت بەهۆی موزایەدەی شەقامی عەرەبی و تۆمەتبارکردنیان بەسازشکردن بۆ کورد. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستی خانەوادە و عەشیرەتی عوبێد توشی کێشە بووەتەوە و دوو ئامۆزای لە ڕووی سیاسییەوە جیابوونەوەی خۆیان لە بەرەی عەرەبی یەکگرتوو ڕاگەیاندووە کە وەسفی عاسی سەرۆکایەتی دەکات. بورهان موزهر عاسی ئامۆزای کە خولی پێشوو ئەندامی ئەنجومەن بوو خۆی لەسەر هاوپەیمانێتی عەزمی موسەنا سامەڕای کاندید کردووە بۆ پەرلەمانی عێراق. لەلایەکی ترەوە بەشێک لە ئامۆزاکانی شێخ وەسفی عاسی بە سەرۆکایەتی شێخ ڕەعد عاسی بڕیاریاندا تاهیر عەبدوڵا عاسی کاندید بکەن بۆ پەرلەمانی عێراق و شێخ وەسفی عاسیش وەک سەرۆک هۆزی عوبێد چاوی لەوەیە دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ پەرلەمانی عێراق. ئەم کێشە ناوخۆییانەی هۆزی عوبێد و تۆمەتبارکردنیان لەلایەن لایەنگرانی ڕاکان جبوری بە خیانەت و سازش بۆ کورد، زاهیر ئەنوەر برازای وەسفی عاسی ناچار کردووە وەک موزایەدەی هەڵبژاردن و ڕاکێشانەوەی سۆزی شەقامی عەرەبی لە ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی بکشێتەوە. ڕەعد ساڵح کە تاکە نوێنەری حزبی تەقەدومە بەهەمان شێوە هەڵبژاردن ناچاری کشانەوەی کرد لەو هاوپەیمانێتییە بکشێتەوە. چونکە محەمەد تەمیم سەرۆکایەتی حزبی تەقەدوم لە کەرکوک دەکات و ڕکابەری سەرەکی حزبی سیادە و هاوپەیمانی عەرەبی ڕاکان جبورییە. لە هەمان کات دوای ڕێکەوتنی ئیدارەی کەرکوک هەریەک لە پەرلەمانتار موهەیمەن حەمدانی و محەمەد حافز سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی تەقەدوم نزیک بونەتەوە. ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن هاوپەیمانی تەقەدوم بن بۆ هەڵبژاردن و بۆ ڕاکێشانی سۆزی شەقامی عەرەبی بە ڕێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەن و بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پەک دەخەن تا دوای هەڵبژاردن. بیانووی هەردوو ئەندامەکەی ئەنجومەن جێبەجێ نەکردنی داواکاریەکانیانە لە ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی. بەتایبەت دۆسیەی ئەو کەسانەی چارەنوسیان دیار نیە یان بەهۆی پەیوەندی بە ڕێکخراوە توندڕەوەکانەوە دەستگیرکراون و پێیانوایە دوای نۆ مانگ لە ڕێکەوتن چارەنوسی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە. دوو ئەندامەکەی ئەنجومەن لە پشکی حیزبەکانیان قایمقامەکانی حەویجە و داقوق و چەند بەڕێوەبەری ناحیەیەکیان بەرکەوتووە تەنها خۆیان لە ڕێکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەکشێنەوە و ئەو پۆستانەی لە ئیدارەی کەرکوک وەریانگرتووە بەردەوام دەبن.