گرنگ

مەرجەكانی کاندیدبوون بۆ پەرلەمانی عێراق راگەیەنرا

2025-05-25

 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، مەرجەکانی کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکراکرد. مەروان محەمەد، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەستكراوە بە تۆماركردنی لیستی كاندیدەكان و وەرگرتنی كۆدی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. ناوبراو روونیکردەوە، پێویستە ئەو كەسەی داواكاری پێشكەش دەكات، عێراقی بێت و تەمەنی سی ساڵ كەمتر نەبێت و هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت یان هاوتای ئەو بڕوانامەیە. دەربارەی لیستی كراوەش، مەروان محەمەد دەڵێت، مەبەست لێی لیستی هاوپەیمانیە لەگەڵ لیستی لایەنە سیاسیەكان كە حزبەكانن، ئەوانە ئەگەر خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆم و ئامادەیی بن رێگەیان پێدراوە خۆیان كاندید بكەن، بەڵام دەبێت لە ڕێژەی (20%) زیاتر نەبن، بۆ كاندیدە تاكەكەسیەكان كە كێبڕكێی كورسیە گشتیەكان دەكەن نابێت لە بڕوانامەی بەكالۆریۆس كەمتریان هەبێت، ئەوانەشی بۆ كورسی پێكهاتەكان بەشدار دەبن هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی یاخود هاوتاكەی بن. ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن وتیشی، نابێت ئەو كەسەی خۆی كاندید دەكات سزا درابێت بە تاوانی ئابڕوبەڕو گەندەڵی دارایی و ئابوری، نابێت لە ریزی هێزە چەكدارەكان بێت یان دادوەربێت یان ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بوبێت لەم خولەو خولی پێشوتریش.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color