وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەبەوەدەكات، هەر كەسێك كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدانەوە بكات، سزای زیندانی تا یەك ساڵی بەسەردا دەسەپێندرێت، جەختیشدەكاتەوە دەنگدەر دەبێت پەنجەمۆری خۆی هەبێت ئەوكات دەتوانێت دەنگ بدات. جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند: هەركەسێك كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدانەوە بكات سزای زیندانی تا یەك ساڵی بەسەردا دەسەپێندرێت، هاوڵاتی ئەو كەسەیە، كە بە پەنجەمۆری خۆی دەنگ دەدات، كاندید یان لایەنەكان مافی ئەوەی نییە بە ناوی ئەوانەوە دەنگ بدەن. ئاماژەی بەوەشكردووە كڕینی كارتی دەنگدەر هیچ سوودێكی نییە و هەر شتێكی لەو شێوەیە هەبێت، كۆمسیۆن سكاڵای یاسایی لەسەر كڕیارەكە تۆمار دەكات، چونكە ئێستا ناتوانین بڵێین هیچ كەس كاندیدە مەگەر ئەو كاتەی كۆمسیۆن بە تەواوی ڕەزامەندی لەسەر دەدات. ئەوەش لەكاتێكدایە ماوەی چەند ڕۆژێكە دەنگۆی فرۆشتنی كارتی دەنگدان بە بڕی ٤٠٠ هەزار دینار و كڕینی لەلایەن كاندید و هێزە سیاسییەكانی عێراق بڵاوبووەتەوە، ئەمەش نیشانەی پرسیاری لەسەر شەفافێتی پرۆسەكە درووستكردووە.