گرنگ

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر: بڕیاری بڕینی مووچە دروستكردنی گرفتە بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەرێم

2025-06-05

 

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئاماژە بەوەدەكەن حكوومەتی عێراق وەك پیشەی چەندان جارەی رابردوو، بیانوویەكی تری هێناوە و شایستە داراییەكانی نەنارد بۆ حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی مووچە دابەش بكات، ئەمەش وایكرد هاووڵاتییان نەتوانن وەك پێویست ئامادەكاری بۆ جەژن بكەن لە راگەیەنراوێكی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێردا هاتووە، لە هەرێمی كوردستان كە بەشێكی بەرچاو لە هاووڵاتییان لە كەرتی حكوومی كار دەكەن، پێنەدانی مووچە و دروستكردنی گرفت لە ماوەی رابردوو لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، هەرجارە و بە بیانووی جیاواز و بەتایبەت لە كاتێكدا كە هاووڵاتییان، وەك نەریتێكی ئاینی ئیسلامی پیرۆز خەریكی خۆ ئامادەكردنن بۆ جەژنی قوربانی پیرۆز، لە كڕینی پێداویستی و جلوبەرگ. باس لەوەش كراوە، حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، وەك پیشەی چەندان جارەی رابردوو، بیانوویەكی تری هێناوە و شایستە داراییەكانی نەنارد بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی مووچە دابەش بكات، ئەمەش وایكرد هاووڵاتییان نەتوانن وەك پێویست ئامادەكاری بكەن بۆ جەژن و بووەتە بێ بازاڕی و نیگەرانیی خاوەنكار و كاسبكارانی هەرێمی كوردستانیش، سەرەڕای دروستكردنی كێشە لە هەناردەكردنی بەرهەمەكانی كۆمپانیا، كارگە و بازرگانانی هەرێمی كوردستان بۆ شارەكانی تری عێراق. دەشڵێن، ئێمە وەك ئەنجوومەنی كارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، دروستكردنی ئەم كێشانە بە سیاسی دەزانین و جگە لە ئازاردانی هاووڵاتییان و بازرگانان و خاوەنكارانی كوردستان، تەگەرە خستنە بەردەم ئەو پرۆسە ئاوەدانكردنەوەیەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت كابینەی نۆ ئەنجامی داوە، هیچی تری لێ نابینین. لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا دەڵێت، داوا لە كونسوڵگەری و نوێنەرایەتیی بیانی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین، بێنە سەر هێڵ و گوشار بخەنە سەر حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، بۆ لادانی ئەم سزایانە لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color