هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی ٦، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. شاخەوان عەبدوڵا و بەنگین ڕێکانی وەک نوێنەری پارتی. خالید شوانی وەک نوێنەری یەکێتی ئامادەبوو. کۆبونەوەکە یەکەم کۆبونەوەی هاوبەشی شیعەو کورد و سونەیە دوای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل. کۆبونەوەکە بۆ تاوتوێی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هەڵوێستی عێراق و کۆبونەوەی سبەی پەرلەمان بەڕێوەچوو. لە ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیران لەسەر کۆبونەوەکە هاتووە «هاوپەیمانییەکە پێشێلکارییەکانی دژ بە غەززە، سووریا و یەمەن و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل شەرمەزار دەکات. هاودەنگی خۆی لەگەڵ گەلی ئێران کە تووشی دەستدرێژی ئاشکرا بوون دووپات کردەوە و جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە بەرامبەر ئەم هێرش و سەرپێچییە ناڕەوایانەدا دەکاتەوە». لەڕاگەیەندراوی کۆبونەوەکە هاتووە هاوپەیمانییەکە جەختی لە ڕەتکردنەوەی ڕەها دەکاتەوە لە پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی لە هێرشەکاندا دژ بە ئێران و پاڵپشتی لە هەوڵەکانی پێشگرتن لە بەکارهێنانی وشکانی و ئاو و ئاسمانی عێراق وەک شوێنی هەر هێرشێک کردەوە کە وڵاتانی دراوسێ دەکاتە ئامانج. هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵ و ڕێوشوێنەکانی حکومەت لە بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەری ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیل لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەردەبڕێت وجەخت لەسەر پێویستی یەکڕیزی و هاوئاهەنگی نیشتمانی و سەقامگیرییەکی بەرچاوی ئەمنی و کارکردن بۆ دروستکردنی گوتارێکی میدیایی کە پشتیوانی گوتاری فەرمی دەوڵەت بکات دەکاتەوە.