گرنگ

ئەم وێنەیە راستەقینەیە و بوار، وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات

2025-06-17

 

 بوار لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئەم وێنەیە بەشێکی زۆر لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە بەوەی ئەم پیاوە لەلایەن سوپای ئێرانییەوە وەک دیلی ئیسرائیل وێنا کراوە کە بە ساروخێکەوە بەستراوەتەوە و ئامادەکراوە بۆ تەقینی و ناردنەوەی بۆ ئیسرائیل. لەئێوارەوە زۆر قسە و باس لەسەر ئەم وێنەیە کرا، هەندێک بەشێوەیەکی بەزەییانە لێیان دەڕوانی کە سوپای ئێران کارێکی لەو شێوەیە لەگەڵ دیلی جەنگ بکات، بەشێکی دیکەش بە فەیک و دروستکراو ناویان برد. بەڵام ئاڵا هۆشیار، هونەرمەند و دەرهێنەر سەبارەت بەم وێنەیە لە فەیسبووکی خۆی نووسیوتی "بەڵێ، ئەم وێنەیە ڕاستەقینەیە، بەڵام دیمەنەکە ڕاستەقینە نییە. واتە وێنەکە فۆتۆشۆپ یان دروستکراوی زیرەکیی دەستکرد نییە، بەڵکو گرتەیەکی سینەماییە لە زنجیرە درامایەکی ئێرانی بە ناوی "گاندۆ" (Gando - گاندۆ)". ئاڵا هۆشیار باسی لە "سەرچاوەی وێنەکە" کردووە و دەڵێت "ئەم دیمەنە لە وەرزی دووەمی زنجیرە درامای (گاندۆ) وەرگیراوە، کە زنجیرەیەکی ئەکشن و سیخوڕیی ئێرانییە و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتیوانی کراوە". وەک ئاڵا هۆشیار ئاماژەی پێکردووە، ئەو پیاوەی کە بەستراوەتەوە، ئەکتەری سەرەکی زنجیرەکەیە بە ناوی وەحید ڕەهبانی (Vahid Rahbani)، کە ڕۆڵی ئەفسەرێکی هەواڵگریی ئێرانی دەگێڕێت. ئەو هونەرمەندە وتویەتی "لەم دیمەنەدا کارەکتەرە سەرەکییەکە (ئەفسەرە ئێرانییەکە) لەلایەن دوژمنەکانیەوە (کە لە زنجیرەکەدا وەک سیخوڕی بیانی وێنا کراون) دەستگیر دەکرێت و بۆ ترساندنی، بەم شێوەیە دەیبەستنەوە بە موشەکێکەوە. کەواتە، ئەمە دیمەنێکە کە تێیدا (پاڵەوانی زنجیرەکە) لە مەترسیدایە، نەک سزادانی کەسێک لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە". هەروەها وتویەتی "وێنەکە لە فیلمەوە وەرگیراوە و ڕووداوێکی ڕاستەقینە نییە. زۆر جار ئەم جۆرە وێنانە لە دەرەوەی چوارچێوەی خۆیان بەکاردەهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست و پرۆپاگەندە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color