بوار، تایبەت
كەناڵێكی هەواڵی ئیسرائیلی نهێنی ساتی دەستپێكردنی هێرشەكان بۆسەر ئێران و هاوكات وردەكاری بڕیاری هێرشەكان بۆسەر ئێران بلاودەكاتەوە، بەجۆرێك بڕیارەكە هێندە نهێنی بووە وەزیرەكانی حكومەتی ئیسرائیلیش نەیان زانیوە بۆ بابەتێكی لەو شێوە بانگهێشتی كۆبوونەوە دەكرێن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی كەناڵی "i24 News"ی ئیسرائیلی، كۆبوونەوەی گرنگی ئەنجومەنی وەزیران ئێوارەی پێنجشەممە لە ژێر پەردەی نهێنی تونددا بەڕێوەچوو، هەرچەندە وەزیرەكان بە بیانووی تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی دانوستانەكان لەگەڵ حەماس بانگهێشت كرابوون، بەڵام لە كۆبوونەوەكە باسی ئەم بابەتە نەكراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی كەناڵەكە، لە كاتی چوونی وەزیرەكان بۆ ناو هۆڵی كۆبوونەوەكەی حكومەتی ئیسرائیلی، تا كاتژمێر سێی بە بەرەبەیانی تەلەفۆن لە وەزیرەكان وەرگیراوە، هەروەها لە دانیشتنەكەدا داوا لە هەر وەزیرێك كراوە بە ئاشكرا بڵێت كە ئایا دژایەتی هێرشەكەی بۆ سەر ئێران دەكات یان نا، بۆ ئەوەی دڵنیا بن كە بڕیارەكە بە كۆی دەنگ دەدرێت.
ئەو تەلەفزیۆنەی ئیسرائیل ئەوەشی ئاشكرا كردووە، لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ جێبەجێكردنی هێرشی پێشوەختەی بۆ سەر بەرنامە ناوكیەكەی ئێران پەسەند كرد،لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، وەزیرەكان بەڵگەنامەیەكیان واژۆ كرد كە پابەندیان دەكات بە نهێنی بهێڵنەوە ئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا ڕێككەوتوون.
دواتر گیدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاشكرای كردووە كە بڕیاری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە دوایین خولەكدا دراوە بەجۆرێك پاش ئەوەی هەموو ڕێگایەكی گونجاویان بەرامبەر ئێران بەكارهێنرا بڕیارەكە لە دوایین خولەكدا درا چونكە هەموو جیهان تێگەیشت كە ئێرانییەكان ئامادە نین بوەستن، بۆیە دەبێت بیانوەستێنین.