گرنگ

وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە مردنی كەسێك بە "ژیری دەستكرد" روونكردنەوە دەدات

2025-06-17

 

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە هیچ هاوڵاتییەك بەهۆی بەكارهێنانی ژیری دەستكردەوە كۆچی دوایی كردبێت. وەزارەتی تەندروستی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە سۆشیاڵمیدیا لەماوەی ڕابردوو "گوایە" هاوڵاتییەك بەهۆی بەكارهێنانی ژیری دەستكرد كۆچی دوایكردووە، ئەوان بەدواداچوونی تەواویان بۆ بابەتەكە كرد و زانیاری تەواو لەكەسە نزیكەكانی كۆچكردوو و نەخۆشخانە وەرگیرا. تەندروستی دەڵێت "دەرەنجام گەیشتینە ئەو ڕاستیەی كەوا ئەم هەواڵە ڕاست نییە بەداخەوە چەندین ڕاگەیاندن و پەیجی سۆشیاڵمیدیا بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنی فەرمی كە وەزارەتی تەندروستیە تەنها ڕۆڵی گواستنەوەی ئەو پڕوپاگەندەیان كرد". جێی ئاماژەیە لەماوەی رابردوودا وا بڵاوكرایەوە كە خوێندكارێكی كۆلێجی ئەندازیاری لە شاری هەولێر بەهۆی بەكارهێنانی ژیری دەستكرد بۆ دابینكردنی دەرمان و دوای خواردنی دەرمانەكە، كۆچی دوایی كردووە. وەزارەتی تەندروستی وتویەتی "پێویستە هاوڵاتیان هیچ دەرمانێك یان پێداویستی پزیشكی بەبێ ڕاوێژی پزیشكی چارەسەر و شوێنی فەرمی نەبێت، بەكاری نەهێنن و گوێ لە هیچ ڕیكلامێكی ئۆنڵاین و سۆشیاڵمیدیا نەگرن كە بەبێ مۆڵەت و دەرمانی نایاسایی نابێت بفڕۆشرێتە هاوڵاتیان وە لەڕووی پزیشكیەوە ئامڕازی زیرەكی دەستكرد بەبێ پشكنینی پزیشكی و بینین و ڕاوێژی پزیشكی چارەسەر هەڵەی پزیشكی لێ دەكەوێتەوە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color