گرنگ

یەكێتی زانایان: بەرزكردنەوەی نرخ بە بیانووی شەڕ، كارێكی حەرامە

2025-06-19

 

وتەبێژی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئاماژەبەوەدەكات، بەرزكردنەوەی نرخی خۆراك و كەلوپەل بە بیانووی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، حەرامە و كارێكی نادروستە. عەبدوڵا، شێركاوەیی، وتەبێژی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی ڕایگەیاند: پشێوی لەنێو بازاڕدا دروستبووە، كە گوایە خۆراك و كەلوپەل لە دەروازەكانەوە هاوردە ناكرێن و گرانی دروستدەبێت، ئەمە هێشتا هیچ بنەمایەكی نییە، دووكانداران و بازرگانانیش ئەو دەرفەتەیان قۆستووەتەوە و نرخی خۆراك و كەلوپەلەكانیان گران كردووە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم كارانەی بازرگانان و دووكانداران دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و دوودڵی لەنێو هاووڵاتییان، بۆیە زیادكردنی نرخی خۆراك و كەلوپەل لە دۆخێكی وەكو ئێستا بە تەواوی حەرامە و كارێكی نادروستە. وتەبێژی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە حاڵەتێكدا ئەگەر دەروازەكان داخران و جەنگەكە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوو، بەگشتی نرخی بازاڕ گۆڕانكاری بەسەردا هات و بابەتەكە لە دەستی ئەوان نەبوو، ئەوكاتە كێشە نییە، بەڵام بۆ ئێستا حەرامە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color