گرنگ

ئێران و گروپە چەكدارەكان پێشكەوتووترین ڕاداری عێراقیان لەناوبرد

2025-06-24

 

 بوار، تایبەت شەوی ڕابردوو دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئیسرائیل لە پێشهاتێكی نوێدا پێنج سەربازگەو بنكەی ئاسمانی عێراق بەدرۆنی خۆكوژ بۆردومان كران، تا دواجار ئێران و گروپە چەكدارەكان پێشكەوتووترین ڕاداری عێراقیان لەناوبرد. لە هێرشەكانی شەوی ڕابردوو زیاتر لە ۲۰ درۆنی خۆكوژ لە پێنج شوێنی جیاواز هێرشیان كردە سەر بنكەو دامەزراوە سەربازیەكانی عێراق، سەرەتا چەند درۆنێك ڕاداری سەربازگەی تاجی لە باكوری بەغدا پێكا و دواتر سەربازگەی ڤیكتۆریا لە تەنیشت فڕۆكەخانەی بەغدا و بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنكەی بەلەد لەسەڵاحەدین و بنكەی ئاسمانی ئیمام عەلی لە ناسریە بەئامانج گیران. شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی عێراق بڵاویكردەوە، لەساتەوەختی یەكەمی هێرشەكان بە ئامانج گرتنی دوو سیستەمی پێشكەوتووی ڕادار لە تاجی و بنكەی ئیمام عەلی لەناسریەدا بڵاوكردەوە كە لەڕێگای درۆنە خۆكوژیەكانەوە تێكشكێنران، كە ئیەوانەش دوو پێشكەوتوترین سیستەمی ڕاداری عێراقن و ئەوەی سەربازگەی تاجی سیستەمی TPS -77و دروستكراوی كۆمپانیای لۆكید مارتنی ئەمەریكیە و لەساڵی ۲۰۰٦ هێزەكانی ئەمەریكا جێگیریان كردووە، هاوكات سیستەمەكەی سەربازگەی ئیمام عەلی فەڕەنسیەو حكومەتی عێراق بەسەدان ملیۆن دۆلار كڕیویەتی. هەرچەندە هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتە ئەستۆ بەڵام لەبەرئەوەی بنكە ئەمەریكیەكان و ئەو سیستەمانە بەئامانج گیراوە كە ئەمەریكیەكان بەڕێوەی دەبەن و هەڵوێستی عێراق لاوازە و تاڕادەیەكی زۆر سانسۆری خستووەتە سەر میدیاكان بۆ شاردنەوەی بابەتەكە گومانی سەرەكی لەگروپە چەكدارەكان و ئێران دەكرێت بەو پێیەی ئێران خاوەنی درۆنی خۆكوژە. گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران لەسەرەتای جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە حكومەتی عێراقیان تۆمەتبار كرد بەوەی كۆنترۆڵی بەسەر سیستەمەكانی ڕادار نیەو ئەمەریكا سیستەمەكان بەڕێوە دەبات وهاوكاری ئیسرائیلی پێ دەكات لەجەنگدا دژی ئێران.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color