داهات کەمی کردووە و جەنگ کاریگەری لەسەر بازرگانی دروستکردووە
داهاتی دەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە كەمیكردووەو كاریگەری گەورەی لەسەر جوڵەی بازرگانی دروستكردووە. لە ماوەی ۱۰ ڕۆژی ڕابردووی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران و بۆردومانی ناوچە جیاوازەکانی ئێران، جوڵەی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێم کەمی کردووەو داهاتی هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێزخان پێکەوە لەو ماوەیەدا نزیکەی سێ ملیار و پینج سەد ملیۆن دینار بووە و بەبەراورد بە پێشتر زۆر کەمی کردووە. لە ماوەی جەنگدا داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ یەک ملیار و ٨۱۷ ملیۆن دینارو داهاتی دەروازەی پەروێزخان یەک ملیار و ۷۳۹ ملیار دینار بووە. بەهۆی جەنگ و ترس لە بۆردومان و بەئامانج گرتنی بەندەرەکانی ئێران جوڵەی بازرگانی کەم بووەتەوەو تادێت کاریگەری جەنگ زیاتر دەردەکەوێت. بەشێک لە کارگەکانی بەرهەمهێنان لە ئێران کە بەرهەمەکانیان ڕەوانەی بازاڕەکانی هەرێم دەکەن کارکردنیان ڕاگرتووە و بازرگانان ترسیان لەدۆخەکە هەیە و کەمتر کەلوپەل و کاڵا بۆ هەرێم دەهێنن. جگە لە کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی و داهاتی هەردوو دەروازەی باشماخ و پەروێزخان دەروازە نافەڕمییەکانی تر چەند ڕۆژێکە جوڵەی بازرگانیان تێدا ڕاگیراوە.