شەوی ڕابردوو، یەکێتی پەیامێکی توندی بۆ لاهور شێخ جەنگی نارد و ئەوەیان پێ ڕاگەیاند کە ئاگاداری پلانەکەتین و جوڵە بکەیت سبەی ناوی لالەزار دەگوڕین. شەوی ڕابردوو یەکێتی بە بەرپرسێکی باڵای ئەمنیدا پەیامێک بۆ لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل دەنێرێت کە ئاگاداری پلانێکی لالەزارن بۆ خۆپیشاندانەکەی مامۆستایان و فەرمانبەران. بوار لە سەرچاوەیەکی باڵاوە زانیویەتی شەوی ڕابردوو پەیامەکەی یەکێتی هێندە توند بووە بە لاهور شێخ جەنگی ڕاگەیەندراوە دەستوەردان لە خۆپیشاندان بکات. یاخود بچوکترین جوڵەی هەبێت، بەهێز مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن و ڕێگا نادەن لالەزار ئاوا بمێنێت و سبەی ناوی لالەزار دەگۆڕن و دەستی بەسەردا دەگرن. لەگەڵ گەیاندنی پەیام بەلاهور شێخ جەنگی بەدرێژایی شەوی ڕابردوو جوڵەیەکی فراوانی هێز لە سلێمانی بەدی کراو هێزێکی زۆر لە گەرمیان و چەند ناوچەیەکی ترەوە بۆ سلێمانی هێنران. بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانی فرمانی ئەوەیان وەرگرت ڕێگا بە هیچ خۆپیشاندانێک نەدرێت. بەو پێیەی زانیاری دەستوەردان و پشێوی تا ئاستی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران هەبوو لەلایەن گروپ و کەسانێکەوە کە یەکێتی بە پلانی لالەزاری دەزانێت. بەدرێژای شەوی ڕابردوو و ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و میدیای بەرەی گەل لەژێر فشاردا بوون. ئەمڕۆ دوو تیمی کەناڵی زووم دەستگیرکران. دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ شکستپێهێنانی پلانێکیان ڕاگەیاند بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و دروستکردنی ئاڵۆزی بەبێ ناوهێنان بەدەستی لایەنێکی دیاری کراو ناویان برد.