گرنگ

دووبارە و سێبارەبوونەوەی كاندیدەكانی پەرلەمانی عێراق لەبەر "توانا و لێهاتوویانە؟ یان بۆ مووچە و ئیمتیازات؟"

2025-06-29

 


#بوار
دواجارپاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 26ی 6ی 2025، دوا وادە بوو بۆ پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدەكانی لایەنە بەشداربووەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. كە بڕیارە رۆژی 11ی 11ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بەڵام لیستی ناوی كاندیدی لایەنەكان كە بڵاوكراونەتەوە، بەشێك لە كاندیدەكان نەك دووبارەن واتە پێشتر پەرلەمانتار بوون، تەنانەت هەندێكیان بۆ سێیەمین جاریشە دەبنەوە بە كاندید.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەشێوەیەكی گشتی لە نێو سەرجەم لایەنەكاندا كاندیدی دووبارە یان سێ بارە هەن، هەر لە سەرۆكی لیستەكانەوە كە رووخساری دووبارە و سێبارەن واتە ئەو كاندیدانە پێشتر پەرلەمانتار بوون، هەندێك لە كاندیدەكانی دیكەش خولی پێشتر خۆیان كاندیدكردۆتەوە و دەرنەچوون، بەڵام ئەمجارە كاندید كراونەتەوە.

بەپێی یاسا، پەرلەمانتارانی عێراق مووچە و دەرماڵەیان بە گشتی دەگاتە نزیكەی 23 ملیۆن دینار، لەو بڕە پارەیە 16 ملیۆن دینار بۆ مووچەی پاسەوانەكانیانە كە هەر بەپێی یاسا 16 پاسەوانیان هەیە و هەر پاسەوانێكیش 1 ملیۆن دینار مووچەیەتی، بەڵام 23 ملیۆن دینارەكە راستەوخۆ دەچێتە سەر حساب بانكی پەرلەمانتارەكە، ئەمە جگە لەوەی پاستۆرتی دیبلۆماسی دەدرێتە خۆیان و خێزان و منداڵیشیان، بەڵام هەندێك لایەن مانگانە بڕە پارەیەك لە پەرلەمانتارەكانیان وەردەگرنەوە.

كاندیدبوونەوەی ئەو كەسایەتییانە دوو جۆر بۆچوونی لای سەركردە و كادیری حیزبەكان دروستكردووە، بەشێك لە سەركردەی حیزبەكان پێیانوایە ئەو كەسایەتییانە لەبەرئەوەی پێشتر پەرلەمانتار بوون و توانیویانە "كاری باش بكەن، بەو هۆیەوە بوونەتە رووخسارێكی باش و دەتوانن دەنگێكی باش كۆبكەنەوە"، بەڵام لای بەشێكی زۆرینەی كادیری حیزبەكان ئەم بۆچوونە رەتدەكەنەوەو پێیانوایە ناكرێت كەسایەتییەكی نێو حیزبەكان بۆ چەندین خول پەرلەمانتار بن و لەو رێگەیەوە دەستكەوتی ماددی بەدەست بهێنن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color