گرنگ

شاسوار عەبدولواحید لە ترسی "جیابوونەوە" پەنا بۆ كاندیدی خێزانی دەبات

2025-06-29

 


بوار

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دیسانەوە سێ كاندیدی دیاریكردووە كە هەرسێكیان لە نێو یەك خێزانن، ئەوانیش سروە عەبدولواحیدی خوشكی، كاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری پێشتر و هاوسەری وەزیرە ئەحمەد، پەرلەمانتاری عێراق، مژدە مەحمود پەرلەمانتاری پێشتر و هاوسەری محەمەد ئیسماعیل.

بڕیارە رۆژی 11ی 11ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بەڵام لیستی ناوی كاندیدی لایەنەكان كە بڵاوكراونەتەوە، بەشێك لە كاندیدەكان نەك دووبارەن واتە پێشتر پەرلەمانتار بوون، تەنانەت هەندێكیان بۆ سێیەمین جاریشە دەبنەوە بە كاندید، ئەگەر ئەو قسەیە بۆ لایەنەكانی دیكە جێی تێبینی و هەڵوەستەكردن بێت، ئەوا بۆ نەوەی نوێ چیرۆكێكی جیاوازترە، لەبەرئەوەی چەند كاندیدێكی ئەو حیزبە خێزانین.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2018 وەك لایەنێكی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراقدا كرد و توانی چەندین كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت، بەڵام هەر زوو پەرلەمانتارەكانی لە كوردستان و عێراق بەهۆی ناكۆكییان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید پەرت و بڵاوبوون و جیابوونەوە، ئەوە وای لە شاسوار عەبدولواحید كرد پەنا بۆ كاندیدی خێزانی ببات، واتە كەسە نزیكەكانی خۆی و هاوسەری پەرلەمانتارەكان.

بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، بڕیار بوو لە سلێمانی رێبوار ئەوڕەحمان پەرلەمانتاری ئێستای عێراق سەرۆكی لیست بێت، بەڵام لە دوا ساتەكاندا سروە عەبدولواحید كە خوشكی شاسوار عەبدولواحیدە و پەرلەمانتاری عێراقە و لە خولەكانی پێشتریش پەرلەمانتاری گۆڕان بوو لە پەرلەمانی عێراق، كرایە سەرۆكی لیستی سلێمانی.

هەروەها لە هەولێر كاوە عەبدولقادر كرایە سەرۆكی لیست، ناوبراو پێشتر پەرلەمانتاری كوردستان بوو، هەروەها هاوسەری وەزیرە ئەحمەد، پەرلەمانتاری ئێستای نەوەی نوێیە لە پەرلەمانی عێراق، كاندیدی سێیەمیش لە سلێمانی مژە مەحمودە، پێشتر پەرلەمانتاری كوردستان بوو، ئێستاش محەمەد ئیسماعیلی هاوسەری پەرلەمانتاری عێراقە.

بەپێی زانیارییەكانی بوار، هۆكاری كاندیدكردنەوەی ئەو كەسە نزیكانەی خێزانەكان لە نەوەی نوێ، بۆ بڕیاری خودی شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە كە دوو مەبەستی هەیە، یەكێكیان نایەوێت هەمان ئەزموونی ساڵانی رابردوو دووبارە بكاتەوە، بەو پێیەی چەند كەسایەتییەكی ناسراوی كاندید دەكرد، بەڵام دواتر بەهۆی ناكۆكییان لەگەڵی لێی جیادەبوونەوە و فراكسیۆنی سەربەخۆیان دروست دەكرد، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە ئەو كاندید و پەرلەمانتارانە دەبێت "تاڕادەیەكی زۆر" پابەندی سیاسەتی شاسوار عەبدولواحید بنن چونكە لە ڕوانگەی شاسوار عەبدولواحیدەوە وایە ئەگەر بەهۆی ئەوەوە نەبێت، كاندیدەكان توانای دەرچوونیان نابێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color