بوار#
تایبەت ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەری عێراق سەرۆكێكی نوێی بۆ سەرۆكایەتی دادگاكە هەڵبژارد، ئەوەش دوای ئەوەی جاسم محەمەد عەبدود داوای خانەنیشن بوونی كردبوو، ئەمڕۆ جێگری سەرۆكی دادگای تەمیزی فیدراڵی بە سەرۆكی دادگای فیدراڵی دیاریكرا. ئەمڕۆ یەكشەممە ، ئەنجومەنی دادوەری عێراق بڵاویكردەوە، دادوەر جاسم محمد عبود، سەرۆكی ئێستای دادگای باڵای فیدراڵی، بەهۆكاری تەندرووستی خانەنشین كرا و مونزر ئیبراهیم حسێن لە شوێنەكەی دانرا. ئاماژە بەوەشكراوە، لەدوای دەرچوونی مەرسوومی كۆماری، سەرۆكی نوێی دادگای فیدراڵی دەستبەكاردەبێت. مونزر ئیبراهیم حسێن لە ساڵی ١٩٦٣ لە بەغدا لەدایكبووە و خاوەنی بڕوانامەی یاسایە لە كۆلێژی یاسای زانكۆی بەغدا لە ساڵی ١٩٨٩، دواتر لە ساڵی ١٩٩٨ پەیمانگای دادوەری خولی (٢١)ی تەواوكردووە، لە ٢٠١٨وە لە دادگای تەمییزی ناوەندی كاری كردووە و لە ئێستادا وەك جێگری سەرۆكی دادگای تەمییزی ناوەندی كار دەكات و سەرۆكی دەستەی سزایە و ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵییە.