پەرلەمانتارێكی پارتی ئاماژەبەوەدەكات، هەولێر و بەغدا ئەمڕۆ یاخود سبەی دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم بدات شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند: شەوی رابردوو گفتوگۆكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ نووسینگەی سەرۆكوەزیران بەردەوام بوون، ئەمڕۆش درێژەیان هەیە، ئەگەری هەیە ئەمڕۆ، یاخود سبەی هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی. ئاماژەی بەوەشكردووە، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ئایار بدرێت. شاندەكەی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە لە كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكان؛ ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق.