وا بڕیارە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی لیستی (گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە) بکات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەنیازە لەکوردستانیش چەند کەسایەتییەتی ناڕازیش لە کوردستان کاندید بکات، بەڵام دواکەوتنی مووچە، دوودڵی لای ئەو کەسانە دروستکردووە کە خۆیان کاندید بکەن. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو کۆتا وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پێشتریش بوار بڵاویکردەوە کە محەمەد شیاع سودانی، لە کوردستان بەنیازە چەند کەسایەتییەکی ناڕازی کاندید بکات. پەیوەندییە باشەکانی رابردووی سودانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و ناردنی مووچە لەسەر ئەستۆی خۆی، تاڕادەیەکی زۆر محەمەد شیاع سودانیان لای خەڵک هەرێم خۆشەویست کردبوو، بەڵام دیسانەوە دواکەوتنی مووچە و پشتگیریکردنی سودانی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ تەوتین و رادەستکردنی داهاتەکان بە حکومەتی فیدراڵی، تاڕادەیەک ئەو خۆشەویستییەی سودانی لای خەڵکی هەرێم کەمکردۆتەوە. بەپێی زانیارییەکانی بوار، هەفتەی رابردوو تیمی سودانی لەگەڵ بەشێک لەو کەسایەتییانە لە گفتوگۆدابوون بۆ خۆیەکلاییکردنەوەیان بۆ کاندیدبوون، بەڵام دواکەوتنی مووچە و نەناردنی لەلایەن بەغداوە، ترسی لای هەندێک لەو کەسایەتییانە دروستکرد کە ئەگەر خۆیشیان کاندید بکەن، نەتوانن دەنگی پێویست بەدەست بهێنن.