وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی ئاماژە بەوەدەكات، كاتێك بارزانی لە یەكێتی سۆڤییەت گەڕایەوە، هەموو گەلی عێراق خۆشحاڵ بوون بە گەڕانەوەی، بەڵام ئەوكاتەش حكومەتی عێراق هێرشی كردە سەرمان، جەختیشدەكاتەوە حكوومەتی عێراق لە ساڵی 2014وە لە ڕێگەی مووچەوە كێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكات پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كاتێك بارزانی لە یەكێتی سۆڤییەت گەڕایەوە، هەموو گەلی عێراق خۆشحاڵ بوون بە گەڕانەوەی، بەڵام عەبدولكەریم قاسم هێرشی كردە سەر كوردستان و پەشیمان بۆوە لە هەموو ئەو بەڵێنانەی كە دایبوو، دوای ئەو تەواوی حزبی بەعس تا دەگاتە ئەمڕۆ هەر بەڵێنێك دابوویان بە كورد لێی پەشیمان بوونەتە. ئاماژەی بەوەشكردووە، دەستوورێكمان هەیە، لەو دەستوورەدا تەواوی مافەكانی خەڵكی كوردستان نووسراوە، دەسەڵاتدارانی عێراقی لەو دەستوورەدا ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە كوردستان و پێكەوەیی هەیە، بەبێ ئەزموونی ڕابردوو كە چی بەسەر ئەوانەی دوای خۆیان هاتووە، بەردەوام دژی كورد دەوەستنەوە و كێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكەن. وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئەوەشی وتووە، كێشەی ئێمە لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆمەڵێك بابەتە، یەكێك لەوانە خاكە، ئەگەر مرۆڤ خاكی نەبوو ئەوەی هەیەتی لەدەستی دەدات، هاوكات كێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، هەر بەم جۆرەی ئێستا نابێت، چونكە نە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نە پێكەوەیی عێراق ئەوە قبووڵ ناكات.