گرنگ

کێ ئەو درۆنانە دەخاتە خوارەوە بۆ دێنە هەولێر و سلێمانی و کەرکوک؟

2025-07-03

 

هەرێمی کوردستان و کەرکوک ڕۆژێکی تری نائاساییان بەڕێکرد. کەوتنە خوارەوەی چوار درۆن ڕووداوی گەرمی ئەمڕۆ و ئەمشەو بوون. کاتژمێر ۱۰و ۳۰ خولەکی ئەمشەو دوو درۆنی خۆکوژی ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی کۆنی هەولێر کران، لەلایەن سیستەمی بەرگری هاوپەیمانان خرانە خوارەوە. یەکێکیان لە نزیگ گەزنەو ئەوی تریان لە نزیک کۆمەڵگای سێبیران خرایە خوارەوە. بەهۆیەوە گەشتەکانی نیشتنەوەی فڕۆکەخانە بۆ ماوەیەکی کەم کێشەی بۆ دروست بوو. هاوکات ئەمشەو درۆنێک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک کراو لە دەرەوەی فڕۆکەخانە لەنێوان گەڕەکەکانی بەدر و حەمزەلی شاری کەرکوک و گوندی بڵاوە خرایە خوارەوەو دەرکەوت درۆنەکە بۆمبڕێژکراوە. هەر ئەمڕۆ کاتژمێر یەک و ۳۰ خولەک درۆنێک لە نزیک گوندی سەیدەی ماڵەڵا لە نێوان ناحیەی سەرقەڵاو کۆکسی قەزای کفری ئیدارەی گەرمیان کەوتەخوارەوە درۆنێکی گەورەی پێشکەوتوو بووە و دوو موشەکی بۆردومان کردنی پێبووە. لە کاتی کەوتنە خوارەوەیدا نەتەقیوەتەوە. درۆنەکە درێژی دوو مەتر و نیو تا سێ مەتر و پانییەکەی دوو مەتر بووە. پێدەچێت توشی کێشە بوبێت و کەوتبێتە خوارەوە. شوێنەواری پێکان و تەقەکردن لێی پێوە نەبووە. درۆنەکە لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە هەڵگیراوەتەوە و بۆ سلێمانی گوازراوەتەوە و لەسەر ئاستی باڵا و هاوپەیمانان بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. تا ئێستا نازانرێت ئامانجی درۆنەکە چی بووە لە ئاسمانی گەرمیان. درۆنەکانی هەولێر و کەرکوک لەلایەن سیستەمی بەرگری ئەمەریکییەکانەوە خراوەتە خوارەوە. ماوەیەکە لەگەڵ زیاد بوونی هێرشی درۆن و موشەک لە عێراق چەند سیستەمێکی بەرگریان لە هەولێر و سلێمانی و کەرکوک جێگیرکردووە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color